دوران کاڵکان: ئەو کۆنگرەیەی ئۆجەلانی تێدا نەبێت، ناتوانێت بڕیاری چەکدانان بدات

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند، ئەو کۆنگرەیەی عەبدوڵلا ئۆجەلانی تێدا ئامادە نەبێت، ناتوانێت بڕیاری چەکدانان بدات، دەشڵێت: تاکە کەس کە بتوانێت ئەمە بکات ئۆجەلانە و تەنیا ئەو دەتوانێت ئەم بڕیارە بۆ پەکەکە بدات.
کاڵکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی سەر بە پەکەکەی ڕاگەیاندووە "ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ئازادیی ئۆجەلان دەبێت و هەمووان دەیانەوێت هەلومەرجی ژیان و کاری ئازادی بۆ ئۆجەلان بڕەخسێت و لە بەرانبەردا ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە." دەشڵێت: بە هیواین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە نەورۆزی ئازادیی ئۆجەلان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دیموکرات بن.
هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی باکووری کوردستان، گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دەڵێت: بە لێشاو ڕوو بکەنە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز بکەن، لە هەمانکاتدا بە دەنگێکی بەرز داوای ئازادی ئۆجەلان بکەن.
دوران کاڵکان دەڵێت: پاش بانگەوازە مێژووییەکەی ئۆجەلان، شاندی دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوەی دەکات، گفتوگۆی جیاواز هەیە، یار و نەیار هەن، بەڵام کەسانێک هەوڵ دەدەن بە خواستی خۆیان هەڵسەنگاندن بکەن، بەڵام بەکردەیی شتێکی ئەوتۆ نییە، هەر بۆیە قسە هەیە، بەڵام کردار نییە.
دەشڵێت: بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەنگدانەوەی جیهانی هەبووە، هەمووان لێدوان و ڕاگەیاندراویان هەبوو، تەنانەت ئەمەریکا و چین و وڵاتانی دیکەش هەڵوێستیان هەبووە، بەڵام هیوا و چاوەڕوانییەکان لەڕووی سیاسییەوە دەبن بە چی، نازانرێت؟ چونکە لە ڕووی کردەییەوە، هیچ شتێکی ئەوتۆ نییە.
دوران کاڵکان، ڕەخنە لە دوو ڕوویی سیاسیی هێزەکانی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: پارتەکان هەڵوێستیان هەیە و دەم پارتی ڕەت ناکەنەوە، بەڵکو بە گەرمیی پێشوازیی لێ دەکەن، کەچی لەبەردەم ڕاگەیاندنەکاندا هەموو شتێکی ژەهرئاسا دەڵێن. ئەمەش ئەو ڕاستیە دەر دەخات، شتێکی ئەوتۆیان لەخۆیاندا نەگۆڕیوە. بۆیە هەمووان چاوەڕوانن، کۆمەڵگە، ڕای گشتی چاوەڕێی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی هەنگاو جددی گرێتەبەر.
هەروەها ئاماژەی داوە، هەنگاوەکانی حکوومەتی تورکیا لە بارەی ئاشتی بەفیڕۆدانی کاتە، هەربۆیە دەبێت بزانن ئۆجەلان دوا دەرفەتی ئەوانە، دیموکراتیبوون لەسەر بناغەی ئازادیی کوردان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی تورکیا دوا دەرفەتی لەبەردەم دەسەڵاتی تورکیایە؛ ئەگەر ڕەچاوی ئەم خاڵانە نەکرێن، نازانن داهاتوویان چ دەبێت و چ چاوەڕێیانە، بۆ ئەوەی بانگەوازەکە بێتەدی، دەبێت ئۆجەلان لەنێو هەلومەرجی ئازاددا کار و خەبات بکات، بەڵام لایەنی دەسەڵات بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
کاڵکان، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بە پەیامەکەی ئۆجەلان دا و ڕایگەیاند "ئەو پەیامە لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی بوو، گوتی: دەبێت عەبدوڵلا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان، بەڵام بەم دۆخە ئۆجەلان لە گۆشەگیری زیندان چۆن دەتوانیت ڕزگاری بێت و بچێتە پەرلەمان پەیامەکەی بگەیەنێت؟ هەربۆیە پێویست ناکات، هێزە سیاسییەکانی تورکیا، خۆیان بە خاوەن ماف بزانن و دەست بەسەر دەرفەتەکانی پەکەکەدا بگرن، هەربۆیە پێیان دەڵێین، ئەم هەوڵەتان ئارەزووییەکی مەحاڵ و بێهودەیە.