هەرمن ئەحمەد: لە ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن داوای مافی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین

هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی ئاهەنگی هەرە گەورەی کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، لەوێ داوای مافی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت.

هەینی 21ـی ئاداری 2025، هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ساڵانە ئاهەنگی نەورۆز لە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەدەچن و کوردانی دیاسپۆرای هەر چوار پارچەی کوردستان بە پشتیوانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە شایی هەڵپەڕکێ و میوزیک و گۆرانی کوردی بەڕێوەی دەبەن، سبەیش 22ـی ئاداری 2025،  ئاهەنگی فراوانی نەورۆز  بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

هەرمن ئەحمەد دەڵێت: لە کەرنەڤاڵە گەورەی نەورۆزی کۆڵن، یاداشتنامەیەک بۆ ڕای گشتی و گەلانی ئەوروپا و دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانە دەخوێندرێتەوە، تێیدا داوای چەسپاندنی مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریا دەکرێت.