ئێران بە چەندان قەیرانەوە پێشوازیی لە ساڵی نوێی دارایی دەکات

حکوومەتی ئێران، بە دەیان قەیران و کێشەی ئابووری و داراییەوە پێشوازیی لە ساڵی نوێی دارایی دەکات و کورتهێنانی بودجەش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئابووری وڵاتەکە.

کەمال سەید عەلی، جێگری پێشووتری پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاند "کورتهێنانی بودجەی ئێران نزیکەی 50% دەبێت و لەوانەیە زیاتر ببێت لە ئەگەری زیاتر دابەزینی بەهای تومەن."

لە ساڵانی ڕابردوودا بانکی ناوەندیی ئێران بەردەوام قەرزی داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکان، بەو هۆیەوە قەبارەی چاپکردنی دراو بەردەوام زیاد بووە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای تومەن.

داتا فەرمییەکان دەری دەخەن کە ساڵی ڕابردوو تومەنی چاپکراوی ئێرانی بە ڕێژەی 27.6% زیاد بووە، ئەوە لە کاتێکدا کە حکوومەت دەستبەرداری پاڵپشتیکردنی دراوەکە بووە کە پێشتر بەهای فەرمی هەر دۆلارێک بە 42 هەزار تومەن دەستنیشان کرابوو. 

شارەزایانی ئابووریی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە شکست بهێنن ئەوا بەهای هەر دۆلارێک دەگاتە نزیکەی 120 هەزار تومەن.