جێگری پارێزگاری هەولێر باس لە قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان دەکات

چەند رێکارێک دەگۆڕێن

K24- هەولێر:

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کۆدەبێتەوە و چەند بڕیارێکی نوێ دەدات.

راشیگەیاند، رێکارەکانی سەر دوکاندار و کاسبکاران تووندتر دەکرێت چونکە رۆژانە داخستنی شوێنەکان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان تۆمار دەکرێن.

لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان گووتی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە قەدەغەی هاتووچۆ تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت، ئێمەش پابەندی ئەو بڕیارەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە کراوە کە دەوامیان لە دەرەوەی هەولێرە و داواشیان لێکراوە دەوامەکانیان بەگوێرەی دۆخەکە رێکبخەن.

لەبارەی کردنەوەی هۆڵی وەرزشی و چەند شوێنێکی دیکەی گشتی، جێگری پارێزگاری هەولێر گووتی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و بڕیار لەبارەی گۆڕینی رێکارەکان دەدەن.

ئەوەشی ئاشکراکرد، لە دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، تەواوی رێنمایی و ئەنجامدانی پشکنینەکان دەخەنەڕوو کە دەبێت گەشتیاران پێوەی پابەند بن.