وەزارەتی تەندروستیی هەرێم: لێکۆڵینەوە لە هۆی مردنی دکتۆر قەحتان دەکەین

دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوابەدوای هەردوو ڕوداووی دڵتەزێنی هاتووچۆی یەک لەدوای یەکی ئەمبوڵانسی نەخۆشخانە و دواتر وەrگەڕانی ئۆتۆمبیلێکی تایبەت بۆ گواستنەوەی بریندارانی ڕووداوەکە، پزیشکێک بەناوی قەحتان جیهاد سورچی، گیانی سپارد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری تەندروستی، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوبەشی و بەشداریی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی و ڕێککاری یاسایی و دادوەری و ئامادەبوونی چاودێری دادوەری پەیوەندار، دەستبەجێ لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆی ڕووداوەکە و گیان سپاردنی خوالێخۆشبوو و بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی وردەکاری پێویست."

جارێکی تر پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو (د. قەحتان جیهاد سورچی) دەکەین.

ڕۆژی هەینی، 21ـی ئادار 2025، لە شارۆچکەی مێرگەسۆر، بە ڕووداوی هاتوچۆ  (د. قەحتان جیهاد سورچی) لەکاتی ئەرکی فەرمی لە نەخۆشخانەی گشتیی مێرگەسۆر بۆ گواستنەوەی نەخۆشێکی برینداری ناحیەی شێروان مەزن بۆ نەخۆشخانەی گشتیی بلێ, بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس)، تووشی ڕوداووی پێکدادانی هاتووچۆ دەبن لە نزیک گەلی ئەشکەفتێ، دیسان دەستبەجێ بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی ئاسایی دەگوازرێنەوە، بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلەش وەردەگەڕێت و  لە ئەنجامدا د. قەحتان گیان دەسپێرێت و  کارمەندێک و شوفێری ئۆتۆمبیلەکەش  بریندار بوون.