سه‌دان چه‌كداری دیكه‌ی میلیشیاكانی سووریا گه‌یشتنه لیبیا
تا ئێستا 2 هه‌زار و 500 چه‌كداری سه‌ر به رێكخراوی داعشی گواستووه‌ته‌وه لیبیا

K24 – هه‌ولێر:
چاودێرانی ره‌وشی سووریا، ده‌ڵێن: هه‌واڵگری توركیا چه‌ندین گرووپی چه‌كدارانی سووریای له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا گواستووه‌ته‌وه بۆ لیبیا.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌مڕۆ شه‌ممه (18ی تهمموز/ یۆلیۆی 2020) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا، روانگه‌كه رایگه‌یاند، هه‌واڵگری توركیا، تا ئێستا 2 هه‌زار و 500 چه‌كداری سه‌ر به رێكخراوی داعشی گواستووه‌ته‌وه لیبیا.
روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش، خه‌ڵكی توونس بوون و ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه له ریزی داعشدان و له لایه‌ن توركیاوه گواستراونه‌ته‌وه بۆ لیبیا.
روانگه‌كه باسی له‌وه‌شكردووه، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی توركیا ده‌یانباته لیبیا، پشتیوانی حكومه‌تی "ویفاق"ی ته‌رابلووس، له دژی "سوپای نیشتمانی" به فه‌رمانده‌یی خه‌لیفه حه‌فته‌ر ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی ئاماری روانگه‌كه، تا ئێستا 16 هه‌زار و 100 چه‌كداری ره‌چه‌ڵه‌ك جیاجیای سه‌ر به داعش و گرووپه جیهادییه‌كانی سووریا ره‌وانه‌ی لیبیا كراوون.
روانگه‌كه ده‌ڵێت: 340 كه‌س له‌و چه‌كدارانه‌ی گواستراونه‌ته‌وه بۆ لیبیا منداڵن و ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتووه‌ته 18 ساڵ.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه، تا ئێستا 5 هه‌زار و 600 چه‌كدار له لیبیاوه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سووریا، به‌و پێیه‌ی گرێبه‌ستیان ته‌واو بووه و پاره‌ی خۆیان وه‌رگرتووه.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، تا ئێستا 470 چه‌كداری میلیشیاكانی سووریا له لیبیا كوژراوون، كه 33 چه‌كداریان منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵن.