بەڕازیل 2092 رۆژە لە ئارجێنتینای نەبردووەتەوە

دوایین رووبەڕووبونەوەی بەڕازیل و ئارجێنتینا
دوایین رووبەڕووبونەوەی بەڕازیل و ئارجێنتینا

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کاتژمێر 03:00 بە کاتی هەولێر، هەردوو هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و بەڕازیل لە کلاسیکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، ماوەیەکی زۆر بەسەر دوایین بردنەوەی سامبا بەسەر تانگۆ تێدەپەڕێت.
هەڵبژاردەی تانگۆ بۆ دوو ئامانج لە کلاسیکۆ رووبەڕووی رکابەرە مێژووییەکەی دەبێتەوە، یەکەمیان بە یەکسانبونیش لەم یارییە سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەر دەکات، دووەمیشیان هێشتنەوەی ریکۆردی نەدۆڕان بەرامبەر بەڕازیلە.
هەڵبژاردەی بەڕازیل دوایینجار رۆژی 3 مانگی حەوتی ساڵی 2019 یاری کلاسیکۆی لە ئارجێنتینا بردەوە، ئەو کاتە هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناغی پێشکۆتایی کۆپا ئەمریکا رووبەڕوو بونەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 24ـی مانگی ئاداری 2025 دەکاتە 2092 رۆژ، سامبا هیچ یارییەکی بەرامبەر تانگۆ نەبردووەتەوە.
لە ماوەی ئەو شەش ساڵە هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئارجێنتینا سێ یاری فەرمیان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو سێ یارییەش تانگۆ لە دوو یاری براوە بووە و هەردوو هەڵبژاردە لە یارییەکەی دیکە یەکسانبوینە.