"ئامانجەكەی كازمی نایەتەدی"
عەللاوی: كازمی مەبەستی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نییە
K24 - ھەولێر
ئەیاد عەللاوی جەختدەکاتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی نییە.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، ئەیاد عەللاوی سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنیە رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نییە و لایەنە سیاسییەکانیش مەبەستییان نییە، یاسای هەڵبژاردنەکان تەواوبێت.
بەبڕوای عەللاوی، لەوانەیە هەڵبژاردنی داهاتوو بکەوێتە ساڵی 2022.
هەروەها ئەیاد عەللاوی گوتی "کازمی دەیەوێت پشتیوانی دارایی لە سعودیە بەدەست بێنێت، بەڵام ئەم ئامانجەی نایەتەدی، چونکە ئێستا سعودیە لە دۆخێکی ئابووری باشدا نییە".
ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە سبەی دووشەمە مستەفا كازمی، بە یاوەریی وەزیرانی: نەوت، کارەبا، پلاندانان و ئابووری بچێتە سعودیە.
بەرپرسانی عێراق دەڵێن، شاندەکەی عێراق بڕیارە لە سعودیە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆببێتەوە.
گفتوگۆی شاندەکەی عێراق و سعودیە لەبارەی وزە و ئابووری دەبێت. دواتر راستەوخۆ درەنگانی سێشەممە دەچنە تاران، کە بڕیارە کازمی لەوێ چاوی بە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەوێت.
سەردانی کازمی بۆ سعودیە، دەبێتە یەکەم گەشتی وەکو سەرۆک وەزیرانی عێراق لەدوای دەستبەکاربوونی لەو پۆستە.