ھۆكاری كەمی ئاو لە ھەندێك گەڕەكی ھەولێر ئاشكرا دەكرێت

.

K24 – ھەولێر

لە روونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر و ئەندازەی پارکەکان ئاشكرای دەكەن، ھۆكاری كەمی ئاو لە ھەندێك گەڕەكی ھەولێر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێك لە ھاووڵاتییان بە نایاسایی ئاویان بۆ ماڵ و باخچەكان راكێشاوە.

لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "دوای ئەوەی لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر کێشەی کەمی ئاوی ماڵان  دروست بوو، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بەدواداچوون بۆ کێشەکان کرا، سەرەنجام دەرکەوت کە لەو شوێنانەی ئاویان نییە زۆربەی ماڵەکان هێڵێکی نایاساییان راکێشاوە بۆ نێو ئەو باخچانەی کە موڵکی حکومەتن و بۆ بەرژەوەندی کەسی بەکارهاتوون".

 ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێ: "لەو هەڵمەتەی رامانگەیاندووە هەموو ئەو هێڵە نایاسییانەی ئاو دەبڕین بۆئەوەی سەرجەم هاووڵاتییان سوود لە ئاو ببینن".

ھەر لەو روونكردنەوە لە زاری رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان راگەیەندراوە: "تیمەکانی ئەندازەی پارکەکان هەڵدەستن بە لابردنی سەرجەم ئەو تەلبەند و بەربەستانەی کە لەسەر زەوی سەوزایی و موڵکی حکومەت، كە بە نایاسایی دروستکراون کە لە زۆرێک لە گەڕەکەکان بۆ بەخێوکردنی پەلەوەر و ئاژەڵ بەکاریدەهێنن، بۆیە بەلادانی بەربەستەکان سەوزایی و ئەو دار و درەختەی چێندراون سوودی بۆ هەمووان دەبێت".