سبەی شەو دەرگای شەش هەزار مزگەوت کراوە دەبێت

پێشبینی دەکرێت بەبۆنەی شەوی قەدر، سبەی شەو مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان جمەیان بێت لە نوێژخوێنان، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت: بەشێکی زۆر مزگەتەکان بۆ پاشێو، خواردن پێشکەشی موسڵمانان دەکەن.
سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەبۆنەی شەوی قەدرەوە، سبەی شەو لە دوای نوێژی عیشا، سەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان شەش هەزار و 150 مزگەوتە، تاوەکوو بەرەبەیان دەرگاکانیان کراوە دەبن.
گوتیشی: هەموو ساڵێک لە 10 شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان دا، دەرگای مزگەتەکان داناخرێن، بەڵام لە شەوی 27 نوێژخوێنی زیاتر سەردانی مزگەوتەکان دەکات.
نەبەز ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، لە شەوانی قەدر چەندین چالاکیی جیاوازی ئایینی بەڕێوەدەچن، وەک پێشبڕکێی پرسیار و وەڵامی ئایینی و گوتاری مامۆستایانی ئایینی و نویژی بە کۆمەڵی تەزبیح.
ساڵانە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی چین و توێژەکان، لە ئافرەتان و پیاوان و گەورە و بچووک بۆ نوێژی تەراویح دوای نوێژی عیشا لە مزگەوتەکان کۆ دەبنەوە، بە تایبەت کۆتا شەوەکانی مانگی ڕەمەزان، خەڵکێکی زۆر لە مزگەکەوتەکاندا بەدەم شەو نوێژ، قورئان خوێندن و زیکرەوە ڕۆژ دەکەنەوە.