هێزێکی تایبەتی بەریتانی بە هاوکاری پێشمەرگە 100 چەکداری داعش دەکوژن

فڕۆکەی جەنگی تێدا بەکارهاتووە

K24- هەولێر:

هێزی تایبەتی نیشانەشکێنی بەریتانی بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە، 100 چەکداری داعشیان کوشت کە بەشێکیان بەریتانین و لە زیندانی سووریا هەڵاتبوون.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاشکرایکردووە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوو، 10 جار جەنگ لەگەڵ ئەو چەکدارانە روویداوە.

ئاشکراشیکردووە، ئەو چەکدارانە لە زیندان هەڵاتوون و لە باکووری عێراق بەهۆی شاخ و تونێل توانیویانە خۆیان حەشاربدەن.

لە 10ـی نیسان، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەستیپێکردووە، هێزەکانی بەریتانیا لەو ئۆپەراسیۆنە، فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان بەکارهێناوە.

لە یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکان لە چیای حەمرین، لە 28ـی نیسان، حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش دۆزراوەتەوە و بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی، 10 چەکدار کوژراون، دواتر هێزەکانی پێشمەرگە و تیمە تایبەتەکەی بەریتانیا ناوچەکەیان پاککردووەتەوە.

دەیلی مەیل ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە سێ مانگی رابردوو، چەندین جار جەنگ لەگەڵ چەکدارانی داعش هەڵگیرساوە و بەهۆیەوە 100 چەکدار کوژراون، دواتریش کوژراوەکان پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ کراوە و ناسنامەیان ئاشکرا کراوە.