ئەمەریکا بەهۆی ئێرانەوە لێکۆڵینەوەی لە بەڵگەنامەکانی فرۆشتنی نەوتی عێراق کردووە

بەغدا هەوڵ دەدات وڵاتەکە لە قەیرانێک ڕزگار بکات ئەویش بەهۆی بێ باوەڕی واشنتنە لەبارەی پەیوەندی عێراق بە قاچاخچێتی نەوتی ئێرانەوە. هەروەها حکوومەتی عێراق بۆ یەکەم جار تەزویرەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد.
حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری حکوومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: بەغدا بەڵگەنامەی ساختەکردنەکانی ئێرانی بۆ بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق ئاشکرا کردووە، بەمەبەستی پاراستنی "ناوبانگی بازرگانی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ" بووە.
لە بەرانبەر ئەگەری تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر تاران لەلایەن بەغداوە، ئەو ڕاوێژکارە گوتی: "حکوومەتی عێراق بەدوای ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکاندا دەگەڕێت بۆ چارەکردنی ئەم پرسە"، ئاماژەی بەوەش کرد، زانیاری لە نێوان عێراق و ئەمەریکا سەبارەت بەم ڕووداوە ئاڵوگۆڕکراوە."
حوسێن جەختی کردەوە، "پەیوەندی نێوان تاران و بەغدا لە ڕووی سیاسییەوە باشە، هەروەها پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتنیش ناوازەیە."
میدیاکانی ئێران لە زاری بەرپرسێکی نەوتی ئێرانەوە بڵاویان کردەوە کە بەیاننامەی عێراقی سەبارەت بە پرسی ساختەکردنی بەڵگەنامەکان بە هەڵە تێگەیشتنە.
ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی تەسنیم بڵاوی کردەوە، بریکاری وەزیری نەوتی ئێران بۆ بازرگانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستی کردووەتەوە کە لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق ناتەواوە و قسەکانی لە بەرپرسانی ئەمەریکییەکان سەرچاوەی گرتووە.
باسی لەوەش کردووە، ڕوونە کە ئەم تۆمەتەی بەرپرسانی ئەمەریکا دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی نایاسایی و ناڕەوای واشنتن، کە ئامانجی تۆمەتی بێ بنەما و فشارخستنە سەر گەلی ئێرانە، بەمەش شکۆی واشنتن کەم دەبێتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: قسەی سەر زارەکیمان پێگەیشتووە سەبارەت بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکاوە لە کەنداو دەستیان بەسەردا گیراوە، کە داتاکانی کەشتی عێراقیان هەڵگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەرکەوت ئەو کەشتیانە ئێرانی بوون و بەڵگەنامەی ساختەی عێراقیان بەکار هێناوە، ئێمەش بەتەواوی ئەوەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕوونکردەوە".
گوتیشی: "سۆمۆ بە شەفافیەتێکی تەواوەوە کاردەکات و هیچ سەرپێچییەکی لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتدا نەکردووە".
هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتیەکی ئێرانییەکاندا گرت، کە نەوتی هەڵگرتبوو و لە بەڵگەنامەکانیشدا ئاماژەبەوە کراوە، کە نەوتی عێراقی بار کردووە، هەرچەندە نەوتەکە ئێرانی بووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیحسان شەمەری، سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی ڕایگەیاند، پرسی "ساختەکردنی بەڵگەنامە" پەیوەستە بە خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران و عێراق، یان لە ڕێگەی قاچاخچێتی بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەکانی عێراق.
بەگوێرەی قسەکانی شەمەری، ئەمەریکا لیژنەی دیالۆگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ پێکهێناوە، کە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بووە، هەروەها لە کاتی کۆبوونەوەکاندا کاغەز و بەڵگەنامە خراونەتەڕوو، بەڵام وا دیارە ئەمەریکا باوەڕیی بە کارەکانی عێراق نەکردووە، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ سەپاندنی زۆرترین سزا بەسەر ئێراندا.
میسال ئالوسی پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، "واشنتن دەیەوێت بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران و حزبوڵڵا نەهێڵێت، هەروەها فرۆشتن یان تێکەڵکردنی نەوتی عێراقی و ئێرانیش نەهێڵێت".