سەركردەیەكی داعش لە عێراق دەستگیر كرا

ھەوڵەكان دژی داعش چڕدەكەنەوە

K24 - ھەولێر

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، گوته‌بێژ به‌ناوی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، ده‌ستگیركردنی سه‌ركردیه‌كی چه‌كدارانی داعشی رایگه‌یاند.

خه‌فاجی ئاشكرایكرد، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ ناوچه‌ی تارمییه هه‌واڵگری ئۆپه‌رارسیۆنه‌كانی به‌غدا توانیویه‌تی سه‌ركرده‌یه‌‌كی رێكخراوی داعش ده‌ستگیر بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ناوی ئاشكرا نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئاماژه‌یداوه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ته‌واوی هه‌وڵه‌كانیان بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر چه‌كدارانی داعش چڕكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ خۆیان له‌ چه‌ند شانه‌یه‌كی بچووك كۆكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ نێو باخ و ده‌وه‌ن و قامیشه‌ڵانی قه‌راغ رووبار خۆیان حه‌شارداوه.

دوای كوژرانی فه‌رمانده‌ی لیوای 59ی سوپای عێراقی له‌ ناوچه‌ی تارمییه‌ له‌ سێ رۆژی رابردوودا، پرسی شانه‌ نووستووه‌كانی داعش و مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كان بووەته‌ پرسێكی گرنگی ئه‌منی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی و جوڵاندنی هێز بۆ ناوچه‌ی تارمییه‌، له‌ باكووری به‌غدا.