ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان درا

لێژنەی باڵای پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، بڕیاری دا بە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەکە، هەروەها کۆمپانیایەکیش ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی عێراقی و توركی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بکات لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە.
پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سوودانی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئاسایی لێژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی كرد، كە ئەمەش دووەمین كۆبوونەوە بوو لە ماوەی ئەم هەفتەیە ئەنجام دراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، لە میانەی كۆبوونەوەكەدا چاودێریی پێشكەوتنی قۆناغەكانی پڕۆژەكە و ئەو ڕێنمایانەی لە كۆبوونەوەی پێشوودا دەرچوون كران، هەروەها ڕەزامەندیی درا بۆ ئەوەی سندوقی گەشەپێدانی عێراق كۆمپانیایەكی تایبەت دابمەزرێنێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا ڕێنماییەكانی ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا سەبارەت بە پڕۆژەکە پەسەند كرا.