فراكسیۆنی گۆڕان ھەڵوێستی خۆی لەبارەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان راگەیاند
"پێویستە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەماهەنگ بن و فشار بکەن"
K24 – ھەولێر
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ھەڵوێستی خۆی لەبارەی كۆبوونەوەكانی داھاتووی پەرلەمان ئاشكرا كرد و رایدەگەیەنێت، لەم دۆخەدا "لەسەر ئاستی نیشتیمانی و چاکسازی بنەرەتی کە دەبێت پەرلەمانێکی کارا ئەم رۆڵ و ئەرکە ببینێ وشوێنی چارەسەری کێشەکان بێت".
فراكسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەكەیدا رەخنە لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگرێت و راشیگەیاند: "پێویستە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەماهەنگ بن و فشار بکەن، بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، تایبەت بە کێشەکانی خەڵکی کوردستان".
ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە پشكی یەكێتییە بە بڕیاری حزبەكەی سەرۆكایەتی كردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی ھەڵپەساردووە. لە بەرامبەردا ئەمڕۆ سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بە رێكاری یاسایی خۆی دەستپێدەكەنەوە.
دەقی بەیاننامەی فراكسیۆنی گۆڕان:...
ئێمە لە فراکسیۆنی گۆران دوای ئاڕاستەکردنی چەندین داوای دانیشتن و بەدواداچونی وورد، بۆ پرسە گرنگ و هەستیارەکان کە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە بەتایبەت:
١. پرسی دۆخی دارایی و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم کە گوزەرانی خەڵک بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەرێت.
٢.پرسی خاڵە سنوریەکان: ئەو قاچاخچێتی و گەندەڵکاریانەی تیایدا ئەنجام دەدرێت لەلایەن بەرپرسانەوە.
٣.چاکسازی لە داهاتە نەوتی و غەیرە نەوتیەکان بە دەرچواندنی یاسای چاکسازی گشتگیرو هەمەلایەنە.
٤.پرسی ناوچە سنوریەکان لەشکرکێشی وداگیرکاریەکانی تورکیاو، وتۆپبارانەکانی ئێران ودۆخی خراپی ناوچە دابڕێندراوەکان.
ئێستا کە کوردستان بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەردەبێت و پێویستمان بە کارکردنە، لەسەر ئاستی نیشتیمانی و چاکسازی بنەرەتی کە دەبێت پەرلەمانێکی کارا ئەم رۆڵ و ئەرکە ببینێ وشوێنی چارەسەری کێشەکان بێت. بەڵام بەداخەوە ئاراستەی کارکردنی دەستەی سەرۆکایەتی بە ئاراستەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و تێکەڵکردنی پەرلەمانی کوردستانە بە ململانێی ناشرینی حیزبەکان کە پێمان وایە بەرپرسی یەکەم لە پەکخستن و کارانەبونی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە.
پێویستە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەماهەنگ بن و فشار بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، تایبەت بە کێشەکانی خەڵکی کوردستان.
فراکسیۆنی گۆڕان
٢١ ی تەموزی ٢٠٢٠