حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی پەرلەمانی دایەوە

پەرلەمانتارێکی گۆڕان: لەگەڵ دانیشتنی پەرلەمانین


K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی پەرلەمانی دایەوە و وەزیرەکانی ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبن، کە بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی وادەکەی.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت، نایانەوێت لەژێر هیچ فشارێکدا دانیشتنەکانی پەرلەمان رابگیرێن، دەشڵێت "بە روونی ئەوەمان بە فراکسیۆنی یەکێتی گوتووە".

جگە لە یەکێتی، سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکە لەگەڵ دەسپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانن. چەند بابەتێک هەن پەرلەمان لەبارەیان کۆببێتەوە لەوانە: دۆخی تەندروستی لە هەرێمى كوردستان، رەوشى ناوچە سنورییەکان، مەترسى سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەم کۆبوونەوانەش به بەشداری ژمارەیەک وەزیری تایبەتمەند دەکرێن.

پەرلەمانتارێکی گۆڕانيش دەڵێ بەشداری دانیشتنەکە دەکەین و وردەکاری بەرنامەی کاريش دەخاتە روو.

جەلال محەمەد ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 دەڵێ "ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داوەتەوە ئامادەیی دەربڕیوە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بێنە پەرلەمان. بزووتنەوەی گۆڕان بە حوکمی ئەوەی حیزبێکی پەرلەمانییە، هەمیشە لەگەڵ ئەوەیە؛ پەرلەمان چالاک بێت و کارەکانی خۆی بکات، بۆیە ئێمە لەگەڵ دانیشتنین و لەگەڵ ئەوەین پەرلەمان لەبارەی بابەتە هەنووکەییەکان دابنێشێت".

دانیشتنەکانی پەرلەمان لە کاتێکدان فراکسیۆنی یەکێتی لەژێر فشاری سەرکردایەتیی حیزبەكەى لە هەوڵی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەماندان، وێڕاى هەبوونى بۆچوونی جیاواز لەنێو فراکسیۆنەكەيان.

پەرلەمانی کوردستانی کوردستان بۆ ئەم وەرزەی، چەند رۆژێکی کەمی لەبەردەمدا ماوە و له یەکی ئاب بۆ یەکی ئەیلوول دەبێتە پشووی هاوینەیان و ناتوانن درێژە بە کۆبوونەوە ئاساییەکانیان بدەن.

 

هـ.ر.