ھێمن ھەورامی: فراكسیۆنێك ناتوانێت بە تەنھا تەحەكوم بە كاروباری پەرلەمانەوە بكات

پەرلەمان موڵكی ھیچ حزبێك نییە

K24 – ھەولێر

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پەرلەمان موڵكی ھیچ حزبێك نییە و فراكسیۆنێك ناتوانێت بە تەنھا تەحەكوم بە كاروباری پەرلەمانەوە بكات.

ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "پەرلەمان موڵكی ھیچ حزبێك نییە و فراكسیۆنێك ناتوانێت بە تەنھا تەحەكوم بە بارودۆخی ناو پەرلەمانەوە پێوە بكات، بەڵكو پەرلەمان دامەزراوەیەكی نیشتمانییە و موڵكی خەڵكی كوردستانە و 16 فراكسیۆنی تێدایە، بە تەنھا فراكسیۆنێك ناتوانێت بڕیار لە كاروباری پەرلەرمان بدات".

گوتیشی: "ئێمە لە دەستەی سەرۆكایەتی بەپێی پەیڕەو بەرپرسین لە ئیدارەدانی دۆخی پەرلەمان، وەك پەرلەمان چەند داوایەكمان ئاراستەی حكومەت كردووە و وەڵاممان دراوەتەوە. لەبارەی ئامادەبوونی وەزیرەكان لە پەرلەمان حكومەت وەڵامی پەرلەمانی داوەتەوە كە لە كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەمەی داھاتوو وەزیرەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، وەزیری ھەرێم و سەرپەرشتیاری كاتی ناوچە كوردستانییەكان بێنە پەرلەمان".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد: یاسای فرۆشتن و بە كرێدانی موڵكەكانی دەوڵەت، لەم دوو رۆژەدا لە حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەپێی ئەو پەیوەندی و گفتوگۆیانەی شەوی رابردوو كە ھەمان بووە، من رێگرییەكی ئەوتۆ نابینم لە كۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان".