بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا، پیشەسازیی چیمەنتۆ لە ئێران دووچاری ئاڵنگاری بووەتەوە

پیشەسازیی چیمەنتۆ لە ئێران پیشەسازییەکی ستراتیجییە، لە یەک سەدەی ڕابردوودا ئەم پیشەسازییە ڕۆڵی گرنگی لە بواری ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەدا گێڕاوە، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی ئابووریی وڵاتەکەوە کە هۆکارە سەرەکییەکەی سزاکانی ئەمریکایە، تووشی کۆمەڵێک ئاڵنگاری بووە و ئەو ئاڵنگارییانەش هەم لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەم لەسەر بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکانی بەرەهەمهێنانی چیمەنتۆ لە بازاڕی بۆرسەدا کاریگەرییان داناوە.
پیشەسازیی چیمەنتۆی ئێران لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا، یەکێک لە کۆنترین و ستراتیجیترین پیشەسازییەکانی ئەو وڵاتە بووە کە ڕۆڵی سەرەکیی لە پەرەپێدانی ژێرخانەکان، بیناسازی و پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لەو وڵاتەدا گێڕاوە. 
ئەم پیشەسازییە، پێداویستیی ناوخۆی ئێرانی دابین کردووە، هاوکات لە بواری هەناردەکردندا یەکێک لە کاڵا گرنگەکانی ئەو وڵاتەیە و بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە ئێران ساڵانە بە 85 ملیۆن تۆن مەزندە دەکرێت.
سەرباری گرنگییەکەی، پیشەسازیی چیمەنتۆی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی قەیرانی ئابووریی ئەو وڵاتەوە، کە هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە، سزاکانی ئەمریکایە، چەندین ئاڵنگاریی کەوتووەتە بەردەم، لەوانە کەمبوونەوەی خواستی ناوخۆیی، کێشەکانی هەناردەکردن، زیادبوونی تێچووەکانی وزە، ناسەقامگیریی نرخی دۆلار، کورتهێنانی وزە، کێشەکانی دابینکردنی غاز و کارەبا لە وەرزەکانی گەرما و سەرمادا، هەروەها گرفتی دابینکردنی پارچەی یەدەگی کارگەکانی بەرهەمهێنان.
هاوکات، نرخی پشکەکانی کۆمپانیاکانی ئەم پیشەسازییە لە بازاڕەکانی بۆرسەی ئێراندا ناسەقامگیرە، ئەوەش بەهۆی کاریگەریی ناسەقامگیریی نرخی دۆلار، نرخی وزە و سیاسەتی گشتیی ئابووریی ئەو وڵاتەوەیە، لەوانە لادانی پشتیوانییە حکوومییەکان بۆ دابینکردنی وزە، کە ئەم هۆکارانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکان لە بۆرسەدا هەیە.
پێشتر لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 دا عەلی ئەکبەر ئەڵوەندییان، سکرتێری ئەنجوومەنی پیشەیی خاوەنکارانی پیشەسازیی چیمەنتۆی ئێران بە ئاژانسی ئیلنای ڕاگەیاندووە، بەهۆی کەمبوونی غاز، کارگەکانی چیمەنتۆ ناچارن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سووتەمەنیی مازۆت بەکار بێنن، بەڵام هەر کارگەیەکی چیمەنتۆ کە لە نزیک شارەکان بێت، ڕێگای پێ نادرێت لە سووتەمەنیی مازۆت کەڵک وەربگرێت و بەم هۆیەشەوە، بەرهەمەکەیان بە ڕێژەی 50٪ کەم بووەتەوە.