نرخی تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزی

بازاڕەکانی دراوی ئێران ئاشکرایان کردووە، بەهای تمەنی ئێرانی بووەتە 104300 بەرامبەر هەر دۆلارێک، دابەزینی بەهای تمەنیش بۆ گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێستای نێوان ئێران و ئەمەریکا دەگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ شەممە 5ـی نیسانی 2025، بەهای تمەنی ئێرانی جارێکی دیکە بەرامبەر دۆلار دابەزی، بەهای تمەنی ئێرانی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزەوە دەستی بە دابەزین کرد بەهۆی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، خەڵکی لە دەرەوەی بازاڕی دراو، ئاڵوگۆڕی نافەرمیی دراویان لەسەر شەقامەکان دەکرد.
بەپێی زانیارییەکان، دابەزینی زیاتری بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار، گرانییەکی زیاتری خستووەتە نێو بازاڕەکانی ئێران.
لە شەقامی فیردەوسی لە تاران، لەنێو بازاڕی گەورەی ئاڵوگۆڕی دراو، هەندێک لە بازرگانانی ئاڵوگۆڕی دراو، شوێنەکانی خۆیان داخستووە و تابلۆی ئەلیکترۆنییان لەبەردەم شوێنەکانیان هەڵواسیووە و تێیدا نووسیویانە (جارێ هیچ دڵنیاییەکمان نییە لەبارەی ئەوەی چەندە بەهای تمەن دادەبەزێت).