پزیشکیان: ئەگەر ئەمەریکا گفتوگۆی دەوێت، لە چی دەترسێت

سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند، بە مەرجی دادپەروەری و یەکسانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین؛ گوتیشی، ئەمەریکا سووکایەتی بە هەموو جیهان دەکات.

شەممە 5ـی نیسانی 2025، ماڵپەری سەرۆکایەتیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاسایی حکوومەتەکەی ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا کات، بەڵام بەو مەرجەی دادپەروەری و یەکسانی لە گفتوگۆکان هەبێت.

سەرۆکی ئێران ئاماژەی بەوە نەکردووە ئاخۆ ئامادەی گفتوگۆی ڕاستەخۆیه‌ یان نا؟ گوتێشی: ئەگەر گفتوگۆتان دەوێت لە چی دە ترسێن؟

پزیشکیان لە بارەی بڕیارکەی ترەمپ بۆ سەپاندی باجی گومرگی بەسەر 180 وڵات گوتی: ئەمەریکا تەنیا سووکایەتی بە ئێران ناکات، بەڵکوو بە هەموو جیهان دەکات.

پێشتر، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گفتوگۆی ڕاستەخۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەت کردبووە.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئێران دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دێت کە ڕۆژی پێنجشەممە 3ـی نسانی 2025، ڕایگەیاندبوو، ئێران ئامادەیە گفتوگۆی ڕاستەخۆی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەی بکات.