مه‌سک: هیوادارم باجی گومرگی نێوان ئەمەریکا و ئەورووپا بگاتە سەدا سفر

ئیلۆن مه‌سک ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هیوادارە ئەورووپا و ئەمەریکا بە شێوەیەکی واقیعیانە بگەنە ڕێککەوتن  بۆ ئەوەی ڕێژەی سەدی باجی گومرگ لە نێوانیان بگاتە سەدا سفر.

شەممە 5ـی نیسانی 2025، ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ماتیۆ ساڵڤینی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیای ڕایگەیاندووە، هیوادارە ڕێژەی سەدی باجی گومرگی نێوان ئەمەریکا و ئەورووپا بگاتە سەدا سفر.

هەروەها هیواشی خواست ئەورووپا و ئەمەریکا بە شێوەیەکی واقیعیانە بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی بازرگانییەکی ئازاد لە نێوان ئەو دوو کێشوەرە هەبێت.

پێشتر جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بارەی بڕیارەکی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی ڕایگەیاندبوو، ئەو باجانە زیانی بۆ هەموو لایەک دەبێت.

جەختیشی لەوە کردبووە، کە ئیتاڵیا ئامانجیەتی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە شەڕی بازرگانی بکات کە ڕۆژئاوا لاواز دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری سەپاندنی باجی گورمگی بەسەر 180 وڵات ئیمزاکرد. ئاماژەشی دا، ئەورووپا لە کاتێکدا هیچ بەرهەمێکی ئەمەریکا هاوردە ناکات، کەچی گومرگیان بەسەر ئێمەدا سەپاندووە،  بۆیە بە ڕێژەی 20% گومرگ بەسەر ئەورووپا دەسەپێنین.