ڕووسیا: هەفتەی داهاتوو وەڵامی ئەمەریکا دەدەینەوە
نوێنەری نێودەوڵەتیی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا لە بارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سعوودیە، پەیوەندیی بە ئەمەریکاوه دەکەن؛ دەشڵێت، هەرچەندە هێشتا لە نێو حکوومەتی ئەمەریکا نەیاریان هەیە، بەڵام گەشبین بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە.
یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025، کیریل دیمیتریڤ، نوێنەری نێودەوڵەتیی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) بۆ کاروباری ئابووری، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لەوانەیە هەفتەی داهاتوو لە بارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا و ڕاگرتنی شهڕی سێ ساڵەی ئەو وڵاتە پەیوەندیی بە ئەمەریکاوه بکەن.
دیمیتریڤ هاوکات سەرۆکی گەنجینەی گشتیی ڕووسیایە کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی واشنتنی کرد، بەمەش دەبێتە یەکەم بەرپرسی باڵای ڕووسیا کە سەردانی ئەمەریکا بکات دوای سێ ساڵ لە ههڵگیرسانی شهڕی ئۆکرانیا.
ئەو بەرپرسە ڕووسییە ڕاشیگەیاند، گەشبینن بە پەیوەندییەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام هێشتا دوژمنیان لە حکوومەتی ئەمەریکا هەیە.
هەروەها ئاماژەشی دا، بەهۆی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا، هیوایەکی کەم هەیە پەیوەندییەکان باشتر بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت ئاگاداری زانیارییە هەڵەکان بن کە بڵاو دەکرێنەوە.
بەگوێرەی مێدیاكان، کیریل دیمیتریڤ، لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین و دانیشتنی هەردوو شاندی ڕووسیا و ئەمەریکا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 4ـی نیسانی 2025، لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە برۆكسل ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بۆیان دەردەکەوێت ئاخۆ ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی جەنگ و پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا بە پەرۆش و جیددیە یاخود به پێچهوانهوه، هیواشی خواست، ڕووسیا بۆ ئەم دەرفەته جیددی بێت.