ئەمەریکا بۆ لوبنان: هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندەوەی حزبوڵڵا خێراتر بکە
جێگری نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەرپرسانی لوبنانی ڕاگەیاندووە، هێزی دەوڵەت دەبێت تاکە هێز بێت چەکی بەدەستەوە بێت، بۆیە هەوڵەکانتان بۆ هەڵوەشاندەوەی حزبوڵڵا خێراتر بکەن.
یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان (NNA) بڵاوی کردووەتەوە، مۆرگان ئۆرتاگوس، جێگری نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ یاسین جابر، وەزیری دارایی و عامر بیسات، وەزیری ئابووری و کەریم سوعەید، پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی لوبنان کۆ بووهتەوە.
ئەو ئاژانسە لوبنانییە لەسەر زاری بەرپرسێکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، ئۆرتاگوس بە بەرپرسانی لوبنان گوتووە، بۆ هەڵوەشاندنەوی حزبوڵڵای لوبنانی، هەوڵەکانی سوپاکەتان خێراو و چڕتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە تەنیا سوپای دەوڵەت چەکی بەدەستەوە بێت.
ڕۆژی شەممە 5ـی نیسانی 2025، جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان و نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ جێگری نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەرێنی وەسف کرد و ئاماژەشیان دا، باسیان لە دۆخی باشووری لوبنان و چاکسازییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە کردووە.
حیزبوڵڵای لوبنان، تاکە گرووپی چەکداری لوبنانییه لە دوای شەڕی ناوخۆیی لهو وڵاته له ماوهی نێوان ساڵانی 1975-1990، ڕەتی کردەوە چەك دابنێت و ڕادەستی دهوڵهتی بکات.
شەممە 22ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە فەرمانیان کرد بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی حزبوڵڵا.
لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ئاگربەستی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل بۆ ماوەی 60 ڕۆژ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، كه بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت حزبوڵڵا چەک دانێت و سوپای لوبنان تەواوی وڵات کۆنترۆڵ بکات. ئیسرائیلیش هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە.