پارتی وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوێكی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌

پارتی: راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌كێتی به‌ زمانێكی گرفتخوڵقێن نووسراوه‌

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌زگای رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوێكی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی دایه‌وه‌ و نیگه‌رانی خۆی له‌و زمانه‌ نیشاندا، كه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌كێتیی پێ نووسراوه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ده‌زگای رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی:

لە راگەیاندراوێکی ئینفیعالییانەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بە نێوی (ھەموو کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتییە و پایتەختیش چەقی ئەو خەباتەیە) باس لە نەفەسێکی نوێی یەکێتی دەکات، کە گوایە نەفەسی دوای کۆنگرەی چوارەمیانە، لە رێگەی خستنەڕووی ئەو نەفس و ئاراستەیەیش، راگەیاندراوەکە ھێرش دەکاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و تەنانەت دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش، بة تایبەت لە ناوھێنانی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی ھەولێر وەك لقێکی پارتی!.. جارێ ئەم زمانەی راگەیاندراوەکەی پێ نووسراوە، کە پێدەچێت لە سەرووی خۆیانەوە دەقەکەیان بۆ رەوانە کرا بێت، زمانێکی گرژی گرفتخوڵقێنە و ھێندەی گرێبینە نیشتیمانبین نییە و ناتوانێت چارەسەر لەگەڵ خۆیدا بێنێتە نێو پرۆسەی سیاسیی کوردستان، بەتایبەت لەم قۆناغە ھەستیارەدا، کە جەماوەری خۆشەویستی کوردستان چاوەڕوانی لێکتێگەیشتنی زیاتری حزبە سیاسییەکانی کوردستانن.

بۆ وەڵامی ئەم راگەیاندراوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، زۆر بە کورتی دەڵێین:

- ئەگەر ئەم سیاسەتەی ئێستای یەکێتی، کە لە راگەیاندراوەکەیاندا ناوی بە نەفەس و ئاراستەی نوێ ھاتووە، بریتی بێت لە سیاسەتی ئێستای ھەموو یەکێتی، کە ئەمەیان بۆ خۆی جێی ھەڵوەستە و پرسیارە!.. ئەوا دەبێ پرسیار بکەین: ئەم سیاسەتە کوردستان بەرەو کوێوە دەبات و ئەی ئاییندەی یەکێتی بەرەو کوێ؟! .. رێك و رەوان دەمانەوێت بڵێین: ئەم نەفەس و ئاراستە سیاسییە نوێیە، دژ و ناکۆکە بە روانگه‌ و پەیام و دوا وەسیەتەکانی جەنابی مام جەلال و تێکۆشەرەکانی دەوری مام جەلال، سیاسەتێکە نەك ھەر لەگەڵ دەرەوەی یەکێتی ناتوانێت تەبا بێت و بسازێت، بگرە نێوخۆی یەکێتیش بنکۆڵ دەکات و دوور یا نزیك بناغەکانی خۆیشی ھەڵدەتەکێنێتەوە!..

-  ئەوانەی راگەیاندراوەکەیان داڕشتووە، پێدەچێت زۆر شارەزای مێژوو و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبن، جارێ پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی سەرانسەریی کوردستانی کۆکەرەوەی نیشتیمانییە و ئامانجی کۆکردنەوەی ھەموو ھێز و شیان و تواناکانە لە پێناو ئازادیدا، لە کوێ پیلانی دوژمنان ھەبووبێت، پارتی لەبەرامبەریدا، پێشمەرگانە لە سەنگەردا وەستاوە و مێژوویش شاھێدە و تەنانەت شەھیدەکانی ئەم دواییەی پردێ و سحێلایش ئەم راستییە رۆشنتر دەکەنەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان واتە پڕۆژەی وەستانەوە بەڕووی پیلاندا !..

- ئیشکالیەتێکی تری نێو راگەیاندراوە ئینفیعالییەکەی یەکێتی ئەوەیە، کە دوو چەمکی جیاوازی وەك: (ململانێی سیاسی) و (دوژمنایەتی) لێ تێکەڵ بووە، جا نازانین ئەم تێکەڵکردنە، لە بێئاگایی بووە، یان لە بە ئاگایی !!.. گرنگ دەبێ داڕێژەرانی راگەیاندراوەکە ئەو راستییە بزانن، کە ململانێی سیاسی بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەك ھەر قەناعەتی قووڵ و نەگۆڕی بە ململانێی سیاسی ھەیە، بەڵکو لە زۆر وێستگەی مێژووییدا دەستپێشخەر و بگرە لە پێناویدا قوربانیشی بەخشیوە.

- ململانێی سیاسی نەك ھەر رەوایە، بگرە ژیانی سیاسی رەنگدار دەکات و جۆرێك لە زەنگینیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابووریش لەگەڵ خۆیدا بۆ کۆمەڵگاکان دەھێنێت، بەڵام مەرج نییە ئەوانەی ململانێی سیاسی دەکەن ھەمیشە براوە بن، ئەوانەی دێنە نێو ململانێ سیاسییەوە، دەبێ پشوودرێژ و مەدەنیانە قۆڵی لێ ھەڵبکەن و لەھەر دۆڕانێکا قینچکەتەنگ شتێك نەشکێنن و بەشوورەییەوە داخلی مێژوو نەبن!..  سەبارەت به‌ پیلان و ھەڕەشەش، دوو جار سنوور و جارێك بەغدا شاھێدن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڕەشە شکێنە !..

- زمانی زبر و ھەڕەشە و گرژی و ناکۆکی، زیان بە خاوەنەکەی دەگەیەنێت بەر لە ئەوانیتر، بۆیە دەخوازین بە تەباییەوە، بە نەفەسی چارەسەری کێشەکان و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، روو لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بکرێت و ئیتر کۆتایی بەم دڕدۆنگییە سیاسییە میدیاییە بێت و رۆژانی بەر لە جەژن بکەینە رۆژانی تەبایی و چارەسەری کێشەکان.

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

پارتی دیموکراتی کوردستان

24ی 7ی 2020

H.B