کشتوکاڵی کەرکووک جووتیاران لە نەخۆشیی ژەنگیی گەنم ئاگادار دەکاتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، بەرێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک، جووتیارانی سنوورەکەی لە دەرکەوتنی 'ژەنگی گەنم' لە بەشێک لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان ئاگادار کردوەوە و دەڵێت، وەزارەتی کشتوکاڵ چارەی پێویست بۆ ئەم نەخۆشییە بەبێ بەرامبەر دابین دەکات لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چالاکانە بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی.

سەلام فاروق، جێگری بەڕێوەبەری بەشی خۆپاراستن لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە میدیاکانی گوت: دۆخی ناجێگیریی کەشوهەوا و چڕیی کشتوکاڵی و بەکارهێنانی جۆرەکانی دەرمان، هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکەن، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین نەخۆشیی دادەنرێت و تووشی گەنم دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی مانگی نیسان و نزیکبوونەوەی پێگەیشتنی بەروبوومەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد "زۆرجار، جووتیاران بڕی زیاتر لە ڕێژەی پێشنیارکراوی هەر دۆنمێک دەچێنن، دەگاتە 70-80 کیلۆگرام لەبری 40-50 کیلۆگرام، ئەمەش دەبێتە هۆی خراپی هەواگۆڕکێ لەناو بەرهەمەکاندا، کاتێک باران دەبارێت، ئەمە دەبێتە ژینگەیەکی باش بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە و ژەنگ دروست دەکات".

سەلام فاروق ڕاشیگەیاند "بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕووەک لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە هاوکاری بەشی خۆپاراستن لە کشتوکاڵی کەرکووک، هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتگیری دەست پێ کردووە، داوا لە جووتیاران دەکات ئەگەر هەستیان بە هەر نیشانەیەکی تووشبوونی نەخۆشیەکە کرد، ئەوا دەتوانن بەخۆڕایی دەرمانی پێویست وەربگرن."