کرێملن: ئەمەریکا وەڵامی مەرجەکانی ڕووسیای بۆ ئاگربه‌ست نەداوه‌تەوە

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕیاگەیاند، دەبێت ئەمەریکا وەڵامی داواکارییەکانی سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا بداتەوە.

دووشەممە، 7ـی نیسان 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی کرێملن ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا ئەمەریکا وەڵامی مەرجەکانی سەرۆکی ڕووسیای لەبارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا نەداوتەوە.

دووپاتیشی کردەوە، کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا پشتگیریی ئاگربەستەکە دەکات، بەڵام دەبێت ئەمەریکا وەڵامی هەبێت.

پشتر، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، پشتگیریی پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا دەکەن، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی، هەندێک مەرجیان هەیە.

سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەشی دابوو، ئەو کێشانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەو شەڕە دەبێت چارە بکرێن، هاوکات ناکۆکییەکانی ئەورووپا و ڕووسیا لەبارەی ناردنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر سنوور و پرسی به‌ئەندامبوونی ئۆکرانیا له‌ ناتۆ دەبێت لە ڕیشەوە چارە بکرێن.

یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025، کیریل دیمیتریڤ، نوێنەری نێودەوڵەتیی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) بۆ کاروباری ئابووری، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، لەوانەیە هەفتەی داهاتوو لە بارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا و ڕاگرتنی شه‌ڕی سێ ساڵەی ئەو وڵاتە پەیوەندیی بە ئەمەریکاوه‌ بکەن.

لای خۆشیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 4ـی نیسانی 2025، لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە برۆكسل ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بۆیان دەردەکەوێت ئاخۆ ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی جەنگ و پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا بە پەرۆش و جیددیە یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هیواشی خواست، ڕووسیا بۆ ئەم دەرفەته‌ جیددی بێت.