ئەمەریکا: گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ناکه‌ین

یاریدەدەری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ناکرێت؛ ده‌شڵێت، تاران ئەگەر گفتوگۆی دەوێت، پێوسته‌ پەلەی لێ بکات، هاوکات دەبێت لە داماڵینی چەکی ئەتۆمییش جیددی بێت.

دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، مۆرگان ئۆرتاگوس، یاریدەدەری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: دۆناڵد ترەمپ بە مەرجی گفتوگۆی ڕاستەخۆ ئامادەیە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی بکاتەوە و لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە ڕێک بکەێت.

جەختیشی کرده‌وه‌، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ناکرێت و تاران ئەگەر گفتوگۆی دەوێت، پێوسته‌ پەلەی لی بكات و دەبێت لە داماڵینی چەک ئەتۆمی جیددی بن.

هەروەها ئاماژەشی دا، ئێران ساڵانێکە ڕێکكەوتنی ئەتۆمی پێشێل دەکات و لە نیسانی 2021ـەوە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووتە زیاتر له‌ 60٪، هەر بۆیەش لەگەڵ ئەوان لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردان.

دووپاتیشی کردووەته‌وه‌، ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، وەکوو ئیدارەکەی بایدن ڕێگە بە هیچ وڵاتێک نادات کە ئەمەریکا لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بێننن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دۆناڵد ترەمپ، ئامادەیە گفتوگۆیەکی دادپەروەرانە بکات.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، ئاژانسی تەسنیمی ئێران لەسەر زاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو، چۆن بەو شێوەیە دیالۆگ دەکرێت؟ ئەگەر ئەمەریکا فشاری توند لە ئێران بکات و هەڕەشەکانی توندتر بکات.

مەسعود پزیشکیان گوتیشی: ئێمە باوەڕمان بە دیالۆگ و گفتوگۆ هەیە، بەڵام لە ڕوانگەی زەلیل بوون نا، ڕێککەوتنیش ناکەین ئەگەر باجەکەی هەرچی بێت، ئێمە داوای شەڕ و ئاڵۆزیمان نەکردووە، لە هەوڵی دروستکردنی بۆمی ئەتۆمیش نین.

لای خۆیەوه‌، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەستی ئەمەریکا گەیشتووەتەوە و چاوەڕێی هەنگاوی واشنتن دەکەین بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ.

گوتیشی: ئێران وەک ئەوەی لە دەیەی ڕابردوو لە زنجیرەی دانوستانەکانی دۆسییەی ئەتۆمی ئامادە بووین، ئێستاش هەروا ئامادەین و هیچ گۆڕانێك ڕووی نەداوە، بەڵام هێشتا واشنتن وەڵامی نەداوینەتەوە لەسەر دانوستانی ناڕاستەوخۆ.