پارتی پەیامێك ئاراستەی گۆڕان دەكات
مەكتەبی سیاسی پارتی پیرۆزبایی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەكات
K24 – ھەولێر
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 11مین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیامێك ئاراستەی ئەو بزووتنەوەیە دەكات و رایدەگەیەنێت: "رۆڵی بزووتنەوەكەتان لەم قۆناغە سەختەدا بۆ پتەوكردنی سەقامگیریی و بەهێزكردنی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێم و دامودەزگا شەرعیەكانی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی نیشانەی دڵسۆزیتانە".
لە بەشێكی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی ھاتووە: "هیوادارین بە هەموو لایەك هەوڵبدەین بناغەی ئەو هاوپەیمانییەتی و هەماهەنگییەی نێوانمان زیاتر پتەوتر و بەهێزتر بكەین و شانبەشانی حزب و لایەنەسیاسییەكانی دیكەی كوردستانیی كاربكەین، بۆ تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم چارەسەرکردنی گیروگرفت و كێشەكان و دابینكردنی ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان".
دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:..
بەڕێزان/ رێكخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان...
بەبۆنەی (11)ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوە تێكۆشەرەكەتان گەرمترین پیرۆزبایی خەبات و كۆڵنەدان لە ئێوە و ئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی.
رۆڵی بزووتنەوەكەتان لەم قۆناغە سەختەدا بۆ پتەوكردنی سەقامگیریی و بەهێزكردنی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێم و دامودەزگا شەرعیەكانی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی نیشانەی دڵسۆزیتانە بۆ بەدیهاتنی مافە هاوبەشەكانمان کە ئەمەش جێگای شانازیە.
ئێمە لە كاتێكدا ئەو یادەتان پیرۆز دەكەین، کە هاوكات رەوشی ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، بە قۆناغێكی گرنگ و هەستیاردا تێدەپەڕێ بەجۆرێك قەیرانێكی ئابووری و تەندروستی سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوە، زیاتر جەخت لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزیی و تەبایی دەكەینەوە بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانە و پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان.
هیوادارین بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین بناغەی ئەو هاوپەیمانییەتی و هەماهەنگییەی نێوانمان زیاتر پتەوتر و بەهێزتر بكەین و شانبەشانی حزب و لایەنەسیاسییەكانی دیكەی كوردستانیی كاربكەین بۆ تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم چارەسەرکردنی گیروگرفت و كێشەكان و دابینكردنی ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفراز و سەركەوتوو بن ....
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٥ـی٧ـی٢٠٢٠