پچڕانی کارەبا گەیشتە تاران
لە ئەمڕۆوە پێدانی کارەبا بە دانیشتووانی شاری تاران کەم دەکرێتەوە و وەزارەتی وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران خشتەی کاتەکانی پچڕانی کارەبای شارەکەی بڵاو کردووەتەوە و بە گوێرەی ئامارەکان بەکارهێنانی کارەبا لە تاران گەیشتووەتە نزیکەی 49 هەزار مێگاوات.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی نیسان 2025، لیستی کاتی بچڕانی تەزووی کارەبای شاری تارانی بۆ هەردوو مانگی نیسان و ئایار ڕاگەیاند.
بۆ جێبەجێکردنی پلانی وەزارەتەکە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دابەشکردنی کارەبای تاران ڕایگەیاندووە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە خشتەی کاتەکانی پچڕانی کارەبا لە تاران جێبەجێ دەکرێت و لە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی تاوەکوو کاتژمێر 11:30 خولەکی شەو پچڕانی کارەبا لە گەڕەک و ناوچەکانی تاران بەشێوە و کاتی جیاواز دەبێت.
بە گوێرەی تۆمارەکانی چاودێریی تۆڕەکانی کارەبا، بەکارهێنانی کارەبا لە تاران گەیشتووەتە نزیکەی 49 هەزار مێگاوات، ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و تۆڕی دابەشکردنەکەی دروست کردووە.
چەند مانگێکە پچڕانی تەزووی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکانی ئێران جێبەجێ دەکرێت و وەزارەتی وزەی ئەو وڵاتە، پێشوەختە، لیستی کات و شوێنەکانی پچڕانی کارەبا ڕادەگەیەنێت.
هەروەها دوێنێ 7ـی نیسان، وەزارەتی وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بڕیاری دا، پچڕاندنی تەزووی کارەبای کارگەکانی دروستکردنی چیمەنتۆی ڕاگەیاند. بە گوێرەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، کارگەکانی دروستکردنی چیمەنتۆ کارەبایەکی زۆر بەکار دەهێنن کە ئێستە توانای دابینکردنی ئەو بڕە کارەبایەمان نییە.
شارەزایان، کەمیی بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو لە ئێران، بۆ کۆنیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کەمبوونەوەی سووتەمەنیی دەگەڕێننەوە؛ ئەگەر ئەو گرفتانە چارە نەکرێن، ڕەنگە هاووڵاتیانی ئێران،هاوینی ئەمساڵ بە سەختی بەسەر ببەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە تاوەکوو مانگی ڕابردوو ئێران بە فرۆشتنی تەزووی کارەبا، بڕی %40ی کارەبای عێراقی دابین دەکرد و بە گوێرەی تۆمارە نافەرمییەکان بێت، ئێستا حکوومەتی عێراق نزیکەی حەوت ملیار دۆلار پارەی کڕینی کارەبا و غازی شل بە ئێران قەرزارە و لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری ڕابردوو ئیدارەی ترەمپ بە فەرمی کۆتایی بە لێخۆشبوونەکانی کڕینی کارەبای لە ئێران، هێنا.