چین داواکارە ئەمەریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران ڕاستگۆ بێت

دوای ئەوەی ئەمەریکا و ئێران ڕایانگەیاند، هەفتەی داهاتوو لەسەر ئاستی باڵا کۆ دەبنەوە، ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوا لە ئەمەریکا دەکات لە کۆبوونەوەکاندا ڕووی ڕاستەقینەی خۆی پێشان بدات و سیاسەتێکی ڕاستگۆیانە پەیڕەو بکات.

سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڕایگەیاند، کشانەوەی ئەمەریکا لە سالی 2018 لە ڕێککەوتنی 5+1ـی تایبەت بە پرسی ئەتۆمی تاران، بووتە هۆی قووڵبوونەوەی کێشەی ئێستای نێوان ئەمەریکا و ئێران.

هەروەها جەختیشی کردووە، کە دەبێت ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکاندا سیاسەتێکی ڕاستگۆیانە پەیڕەو بکات و ڕێز لە بەرژەوەندییە دوو لایەنەکان بگرێت، دەبێت بەشداریی گفتوگۆکان بکات و چیتر سیاسەتی ئەو پەڕی فشار بەرانبەر ئێران بەکار نەهێنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دووپاتی کردووە، چین لەگەڵ لایەنەکان لە دانوستاندن بەردەوام دەبێت، بە تایبەت بۆ گەیشتن بە ئاشتی و چارەی کێشەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران و ئەمەریکا ڕایانگەیاند شەممەی داهاتوو لە عومان کۆ دەبنەوە؛ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: شەممە 12ی نیسانی 2025 لە ئاستی باڵا دیدار و دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمەریکا لە سەڵتەنەی عوممان دەست پێ دەکات.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا، شەممە لە ئاستی باڵا دانیشتنێکی ڕاستەخۆ و زۆر گرنگ و کاریگەریان لەگەڵ ئێران دەبێت و گوتیشی: هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی ڕێککەوتن باشترە لە کار و کردەوەی دیکە، ئاشکرایە ئەمە فاکتەرێک نییە، بمەوێت بەکاری بهێنم، چونکە ئێستا چووینەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار مەترسیدار.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، کە تاران ناتوانێت چەکی ئەتۆم بە دەست بێنێت.