فرسەت سۆفی: سەرۆکی حکومەت رایسپاردووم لە خەم و ئازاری دوکاندارەکانی بازاڕی سیم کەمبکەینەوە
چەند بەڵێنێک لە حکومەتەوە بۆ دووکاندارانی بازاڕی سیم
K24- هەولێر:
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە بازاڕی سیمی هەولێر کە دوێنێ هەینی ئاگری تێبەربوو و بەهۆیەوە زیاد لە 250 دوکان سووتان رایگەیاند، جەنابی سەرۆکی حکومەت پەیوەندی پێوەکردم و منی راسپارد بە هەموو شێوەیەک هەوڵبدەین لە خەم و ئازاری و برینی دوکاندارەکان کەم بکەینەوە.
راشیگەیاند، هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی ئەم رووداوە دووبارەنەبێتەوە و شوێنێکی تەواو شایستەیان پێشکەش دەکەین و سەرۆکی حکومەت ئەرکی دابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییەکان دەگرێتە ئەستۆ.
فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەمان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە بۆ ئەوەی لە شوێنێکی نزیکی ئێرە بازاڕێکی نوێی بۆ دوکاندارەکان دروست بکەین.
پارێزگاری هەولێر بەڵێنیدا، هەموو کارێک دەکەین دوکاندارەکانی ئێرە یەک رۆژ بێ کار نەبن و هیچ کارێکیش ناکەین بە دڵی دوکاندارەکان خۆیان نەبێت. لە ئەمڕۆشەوە لیژنەکە دەست بە کارەکانی دەکات.
بەرە بەیانی دوێنێ هەینی، ئاگر لە بازاڕی سیم لە هەولێر کەوتەوە و دووکاندارەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشت، ئەمەش بەهۆی نە شیاوی شوێنەکە و نەبوونی مەرجی سەلامەتی پێویست، بۆ ئەوەش حکومەتی هەرێم بڕیاریدا، بازاڕێکی نوێیان بۆ بکاتەوە.