ناتۆ: نابێت لە بەرانبەر چین ساویلکە بین
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ نیگەرانی خۆی لە نمایشە سەربازییەکانی چین لە نزیک تایوان دەربڕی و گوتی: نابێت لە بەرانبەر چین ساویلکە بین.
سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ، بە ڕۆژنامەی ژاپۆن تایمزی ڕایگەیاند، حەپەساوم بەو شێوازەی کە چین سوپاکەی بەهێز کردووە و بەو ئەندازە بودجەی بەرگریی سووپاکەی بەرزکردووتەوە، بۆیە با لە بەرانبەر چین ساویلکە نەبین.
ڕوتە گوتیشی: ناتۆ و ژاپۆن بەیەکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبنەوە، هاوکات بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان ئەو هەماهەنگییە لە ئێستادا گرنگە.
بڕیاریشە سکرتێری گشتیی ناتۆ سبەی لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کۆ ببێتەوە.
هەروەها ئاماژەشی دا، ئەمەریکا داوای لە ناتۆ کردووە لە ناوچەکەدا زیاتر ئامادەیی هەبێت، زیاتر پشت بە یەکتر ببەستن.
پێشتر، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئەندامانی ناتۆ کردبوو بودجەی بەرگرییان بە ڕێژەی سەدا 5 زیاد بکەن.
ئەو لێدوانەی سکرتێری گشتیی ناتۆ لە میانەی سەردانەکەیدابوو بۆ بنکەی دەریایی یۆکۆسوکا و کۆمپانیایەکی بەرگریی ژاپۆنی، کە بریارە لەگەڵ جەنەراڵ ناکاتانی، وەزیری بەرگریی ژاپۆن کۆ ببێتەوە.
سێشەممەی ڕابردوو، 1ـی نیسان 2025، سوپای چین مانۆرێکی سەربازیی گەورەی بە بەشداریی هێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی و مووشەکی، لە نزیک تایوان دەست پێکرد.
فەرماندەیی بەرەی ڕۆژهەڵاتی سوپای ڕزگاریی میللیی چین، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاوی کردبووەوە، ڕایگەیاندبوو " ئەم مانۆرە، کە لە چەند لاوە دوورگەی تایوانی ئابڵۆقە داوە، بە شێوەیەکی سەرەکیی ڕاهێنانە لەسەر توانای شەڕی دەریایی و ئاسمانی و باڵادەستیی هاوبەشیی هێزەکان و هێرشکردنە سەر ئامانجە زەمینی و دەریاییەکان لەگەڵ کۆنترۆڵی ناوچە ستراتیجیی و ڕێڕەوە دەریاییەکان لە چوارچێوەی توانای کردە هاوبەشەکانی سوپای چین."
سوپای چین ڕایگەیاندبوو "ئەم مانۆرە، هۆشدارییەکی توند و یەکلاکەرەوەیە دژی ئەو هێزە جوداخوازانەی کە داوای سەربەخۆیی تایوان دەکەن"