ھەڵمەتی میدیایی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت
.
K24 – ھەولێر
حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەڵمەتێكی میدیایی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەست پێدەكات. ئەو ھەڵمەتە لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بە ھاوبەشی بەڕێوەدەچێت.
ھەڵمەتەكە ماوەی دوو ھەفتە بەردەوام دەبێت و لە ھەفتەی یەكەمدا ھەڵمەتی بەستنی ماسك لەمڕۆ شەممە 25/7/2020 دەستپێدەكات. لەو ماوەیەدا كەناڵەكانی راگەیاندن بەرنامەی تەندروستی و گرنگی بەستنی ماسك دەخەنەڕوو.
وەك وەزارەتی رۆشنبیری و فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەیان پێكردووە، كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن بە دانانی ھاشتاگی (#بەماسكەوە) بەشداری لە ھەڵمەتەكەدا دەكەن.