چین دەستگیرکردنی سەربازانی وڵاتەکەی لە ئۆکرانیا بە درۆ دەخاتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڕایگەیاند، لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا لە بارەی دەستگیرکردنی چەند هاووڵاتییەکی چینی بە جلی سەربازی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بێ بنەمان، داواش لە هاووڵاتییانی دەکات لە ناوچەکانی شەڕ دوور بکەونەوە.
چوارشەممە 9ی نیسانی 2025، لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕایگەیاند، لێدوانەکانی کیێڤ لە بارەی بەشداریکردنی هاووڵاتییانی چین و هاوکاریکردنی ڕووسیا لە بەرانبەر شەڕی ئۆکرانیا بە تەواوی بێ بنەمان.
هەروەها گوتیشی: هەڵوێستی چین لەبارەی شەڕی ئۆکرانیا ئاشکرایەوە و نەگۆڕە، بۆ ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ستایش کراوە.
ئاماژەشی داوە لەو بارەیەوە بۆ زانیاری زیاتر و پشتڕاست کردنەوەی بابەتەکە پەیوەندی بە ئۆکرانیاوە دەکەن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی چین داوا لە هاووڵاتییانی خۆی دەکات لەو ناوچانەی ناکۆکی و شەڕی لێیە دوور بکەونەوە و بە هیچ شێوەیەک بەشداری شەڕ نەکەن.
هاوکات دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا کرێملن، گوتی: بە هیچ شێوەیەک نامەوێت لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدەم.
پێشتر، ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، چەند هاووڵاتییەکی چینیان بە جلی سەربازی ڕووسیایان دەستگیر کردووە، هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان چەند گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردبووە.