بۆ گەشتكردن لە فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان چەند مەرجێك دادەنرێت
سەرەتای مانگی داھاتوو گەشتەكان دەستپێدەكەنەوە
K24 – ھەولێر
بڕیارە رۆژی شەمەی داھاتوو 1/8/2020 گەشتەكان لە ھەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی دەستپێبكەنەوە، بۆ چوون و ھاتنی گەشتیارانیش چەند مەرجێكی تەندروستی دادەنرێت.
د. ھەست كەریم، بەڕێوەبەری تەندروستی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو كەسانەی كە لە ھەرێمی كوردستان گەشت دەكەن دەبێ ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت بە مەرجێك 48 كاتژمێری بەسەردا تێنەپەڕێبێت. بەھەمانشێوە ھەر گەشتیارێك كە دێتە ھەرێمی كوردستان دەبێ ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنای پێ بێت، ئەگەر ئەو ماوەیە بەسەر پشكنینەكەدا تێپەڕی بێت تیمەكانی ئێمە پشكنینی بۆ دەكەن و دەبێ ئەو كەسە بەڵێننامە پڕبكاتەوە كە ماوەی دوو ھەفتە لە ماڵەوە خۆی كەرەنتین دەكات".
بەڕێوەبەری تەندروستی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێستا بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكەخانە سەرقاڵی ئامادەكاریین، بۆ ئەوەی میكانیزمێك بدۆزینەوە، ئامادەكارییەكانمان گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی، بەو ئومێدەی بۆ وادەی دیاریكراوی دەستپێكردنەوەی گەشتەكان ھەموو شتێك ئامادە دەبێت".
راشیگەیاند: "شوێن بۆ گەشتیاران ئامادە دەكرێت، بۆ ئەوەی لەكاتی گەشتكردن بۆ دەروەی ھەرێمی كوردستان یان ھاتنیان لێی پشووبدەن تا پشكنین و مامەڵەكانیان تەواو دەكرێت".
د. ھەست كەریم، ئەوەشی خستەڕوو: "باشتر وایە ئەو كەسانەی لە ھەرێمی كوردستانەوە گەشت دەكەن 72 كاتژمێر پێش گەشتكردن پشكنینی كۆرۆنا بكەن بۆ ئەوەی بۆ كاتی رۆیشتنیان ئەنجامی پشكنینەكە دەرچێت".
ئەمە لەكاتێكدایە لە 23/7/2020 گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراق دەستی پێكردووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان ئامادەنەبوون بۆ كردنەوە، بۆ سەرەتای مانگی داھاتوو دواخرا.
ھ.م