لە هەولێر دەستبەسەر 15 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

دوو بازرگانی قەڵادزێیی لە ئێران بە قاچاغ هێناویانە

 K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کرد دەستیان بەسەر 15 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە، کە بازرگانەکان بەنیازبوون رەوانەی تورکیای بکەن.

لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 26-7-2020) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند: "شەوی رابردوو توانرا دەستبگیرێت بەسەر بڕی 15 کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ لە هەولێر".

لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکە، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ح.س.ح.) و (ا.م.م.) کە خەڵکی شارۆچکەی قەڵادزێن دەستگیرکراون، لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە "هەردوو تۆمەتبارەکە ئەو ماددە هۆشبەرەیان لە ئێرانەوە بە قاچاغ هێناوە و ویستوویانە رەوانەی تورکیای بکەن".

تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 14ـی یاسای ماددە هۆشبەرەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە 26-6-2020 کە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردبووەوە، رایگەیاندبوو لە شەش مانگی رابردوودا 586 تۆمەتبار دەستگیرکراون، 292 تۆمەتبار سزادراون و، 294 تۆمەتباریش لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها 358 کیلۆگرام و 552 گرام ماددەی ھۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، کە لە ماددەکانی: ھێرۆین، کریستاڵ، تلیاک و حەشیش و جامیکا پێکھاتوون.

هەروەها جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سلێمانی هۆشداری دابوو لەوەی "بەداخەوە وامان لێهاتووە دەبینە ترانزێت، واتا ماددەکان لێرەوە تێپەڕ دەبن".

 

هـ.ر.