بۆ رۆژانی جەژن قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرانسەری عێراق راگەیەندرا
بڕیارەكە رۆژێك بەر لە جەژن دەچێتە بواری جێبەجێكرن
K24- هەولێر:
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك بڕیار و رێكاری نوێی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ رۆژانی جەژن دەركران، لەوانەش راگەیاندنی قەدەغی هاتووچۆی سەرانسەری.
دوای كۆبوونەوەكەش لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بڵاو كراوەتەوە، ئەو رێكار و بڕیارانە خرانە روو ئەوانیش:
- راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی بۆ رۆژانی جەژن، لە رۆژی 30 ئەم مانگەوە تا دوای جەژن بەردەوام دەبێت.
- كردنەوەی نۆڕینگە تایبەتەكان بە مەرجی پابەندبوون بە رێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكان.
- پێدانی مۆڵەتی كردنەوەی كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆكسجین بەو كەسانەی خوازیارن لەم بوارەدا كار بكەن لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بە وەبەرهێنەران دەكرێت.
- راسپاردنی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەماهەنگی كردن لەگەڵ وڵاتی كوەیت، بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ هاوردەكردنی ئۆكسجین بكرێت لە رێگەی دەروازەی سنووری سەفوان.
- وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی دەستەی راوێژكاران كردنەوەی دەروازە ئەلیكترۆنییەكانی راوێژكاری پزیشكی تاوتوێ دەكات.
- پەسەندكردنی راسپاردەكانی تیمی ئامادەكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە فڕۆكەخانەكانی عێراق.
- دەزگا ئەمنییەكان چاودێری جێبەجێكردنی رێكار و بڕیارەكانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكەن، لەوانەش: "پابەندبوون بە دەمامك و دەستكێش، بەكارهێنانی ماددەی پاككەرەوە و دووری كۆمەڵایەتی و ریكارەكانی دیكە"، لەگەڵ سەپاندنی پێبژاردنی ئەو كەسانەی سەرپێچی دەكەن بە پارە و دەستبەسەردا گرتنی ئۆتۆمبیلەكانیان.
- تۆڕی میدیایی عێراقی ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لە مەترسییەكانی كۆرۆنا دەگێڕێت.
H.B