سەربازگەی سەقەر لە باشووری بەغدا تەقییەوە

تا ئێستا ئاگری تەقینەوەكە كۆنترۆڵ نەكراوە

K24- هەولێر:

لە بەیاننامەیەكدا سوپای عێراق رایگەیاند، دوو تەقینەوەی گەورە لە كۆگای چەك و تەقەمەنیی سەربازگەی سەقەری تایبەت بە پۆلیسی فیدراڵ لە باشووری بەغدا روویاندا.

دوای تەقینەوەكەش لە روونكردنەوەیەكدا شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق ئاشكرای كرد، تەقینەوەی ئەو سەربازگەیە كە دەكەوێتە ناوچەی سەیدییە لە سەر رێگای سەرەكی حللە ـ بەغدا، بەهۆی خراپ كۆگاكردنی چەك و تەقەمەنییەكان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش، تا ئێستا ئاگری تەقینەوەكە كۆنترۆڵ نەكراوە و تیمەكانی ئەندازیاری و بەرگری شارستانی لە نزیك سەربازگەكەن.

وەك راشگەیەندراوە، رووداوەكە لە كاتژمێر 6:40 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ بووە و ئەو كۆگایە لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ و گروپە چەكدارەكانەوە بۆ ئەمباركردنی چەك و تەقەمەنی بەكار دەهێنرا.

H.B