هێمن هه‌ورامی: سبه‌ی به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك وه‌زیر دانیشتنی په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌درێت
ئیراده‌یه‌ك ده‌یه‌وێت كێشه سیاسییه‌كان هه‌نارده‌ی په‌رله‌مان بكات
K24 – هه‌ولێر:
هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند، ئیراده‌یه‌ك هه‌یه له هه‌وڵی په‌كخستنی په‌رله‌مانی كوردستاندایه، ده‌ویسترێت كێشه و ململانێ سیاسییه‌كان هه‌نارده‌ی ناو په‌رله‌مان بكرێت، له به‌رامبه‌ردا ئیراده‌یه‌كی به‌هێزتر هه‌یه بۆ په‌ك نه‌كه‌وتنی په‌رله‌مان. گوتیشی: سبه‌ی كاتژمێر 11ی پێش نیوه‌ڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه و به‌رنامه‌ی كاری خۆی به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك وه‌زیر جێبه‌جێ ده‌كات.
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" هێمن هه‌ورامی رایگه‌یاند، په‌رله‌مان كاری ئاسایی خۆی ده‌كات. مه‌رجه‌عی یاسایی و نیشتمانییه بۆ هه‌موو پرسه گرنگه‌كان. په‌رله‌مان به ته‌نیا موڵكی فراكسیۆنێك نییه. موڵكی هه‌موو فراكسیۆنه‌كانه. 16 فراكسیۆن له په‌رله‌مان هه‌ن. سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنن. ناكرێت ململانێی نێوان دوو فراكسیۆن یان دوو حزبی سیاسی كار له په‌كخستنی په‌رله‌مان بكات و كۆی ئه‌ركه‌كانی په‌رله‌مان په‌كیان بكه‌وێت.
گوتیشی: به‌داخه‌وه ئه‌م خوله‌ی ئێستای په‌رله‌مان، به تایبه‌تی له 1ی ئازاره‌وه، كه وه‌رزی به‌هاره‌یه، 49 رۆژ به هۆی په‌تای كۆرۆناوه نه‌یتوانی كۆبوونه‌وه بكات. دواتر كه دانیشتن ده‌ستیپێكرده‌وه، راڤه‌ی جیاواز له باره‌ی پارێزبه‌ندی هاته ئاراوه. له حوزه‌یراندا بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته نه‌یتوانی كار بكات به هۆی تووشبوونی چه‌ند كه‌سێك له په‌رله‌مان به په‌تاكه.
روونیشیكرده‌وه، "ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین قه‌ره‌بووی ئه‌و كاته له‌ده‌ستچووه بكه‌ینه‌وه، رۆژی 29ی حوزه‌یران، دانیشتنی ئاسایی ژماره 5ی په‌رله‌مان كراوه و به كۆی ده‌نگ بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ وه‌رزی یاسادان درێژكراوه‌ته‌وه. بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كاركردن وه‌ستابوو. ئێمه له چه‌ند رۆژی رابردوو، به ته‌وافق به‌رنامه‌یه‌كی كارنامه‌مان راگه‌یاند و داوای دانیشتنمان كرد. دوێنێ هه‌وڵێك هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێت بۆ لێكتێگه‌یشتنی زیاتر. ناكرێت ململانێی سیاسی له ده‌ره‌وه هه‌نارده‌ی ناو په‌رله‌مان بكرێت و بیه‌وێت په‌رله‌مان په‌كی بكه‌وێت. ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه نایه‌وێت په‌رله‌مان په‌كی بكه‌وێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا هه‌ورامیی گوتی: "بمانه‌وێت قووڵ له دیموكراسیه‌ت تێبگه‌ین، به‌داخه‌وه له هه‌رێمی كوردستان، میكانیزمه‌كانی دیموكراتیمان هه‌یه. له‌وانه هه‌ڵبژاردن و فره‌یی و ئازادی، به‌ڵام كولتووری به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵكردن و یه‌كتر قبووڵكردنمان تا ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی پێویست و كولتوورێكی لاوازه. راسته ئه‌زموونمان 28 ساڵه، به‌ڵام له رووی كاری په‌رله‌مان و قبووڵكردنی یه‌كتر كارێكی درێژخایه‌نه و بڕیارێك نییه بتوانرێت به ئاسانی بدرێت. پێویستمان به بره‌ودان به كولتووری یه‌كتر قبوڵكردن هه‌یه. له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی و ململانێی سیاسی، نه‌ك دوژمنایه‌تی یه‌كتر. پێویسته فراكسیۆنه‌كان و لایه‌نه‌كان نه‌بنه دارده‌ستێك بۆ به‌ده‌ست ئیراده‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت په‌رله‌مان په‌ك بخات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه پێمان وایه هه‌رێمی كوردستان به قه‌یرانێكی سه‌خت و دژوار‌دا تێده‌په‌ڕێت، به هۆی ئه‌و ره‌وشه‌ی له ئارادایه و ئه‌و په‌تایه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێم بووه‌ته‌وه و لێكه‌وته‌كانی كۆرۆنا. بۆیه پێویسته به‌رپرسانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كان بكه‌ین".
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، "له‌م كاته‌ی ئێمه قسه ئه‌كه‌ین، گفتوگۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وامه و ئومێدمان وایه هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه، هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه ده‌ربكه‌ین، نه‌ك ملشكاندن و خاڵ تۆمار كردن. چونكه ئه‌گه‌ر براوه‌بین هه‌موومان براوه‌ین و ئه‌گه‌ر زیانمان به‌ركه‌وێت هه‌موومان زیانمان به‌رده‌كه‌وێت".
سه‌باره‌ت به كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ی په‌رله‌مان، هێمن هه‌ورامی گوتی: كاتێك به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره 6ی ئاسایی دانرا، كۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌م مانگه‌ی په‌رله‌مان داخلی به‌رنامه‌ی كار بكه‌ین. هه‌مان ئه‌و به‌رنامه‌ی كاره‌یه كه بڕیار بوو، ئه‌مڕۆ بكرێت. سبه‌ی كات 11 ئه‌نجام ده‌درێت.
روونیشیكرده‌وه، له دانیشتنه‌كه‌دا، ئه‌م بابه‌تانه ده‌خرێنه‌ڕوو، پڕۆژه‌یه‌كی حكومه‌ت له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی فه‌رمانبه‌ران. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ سێ پێشنیازه یاسای فراكسیۆنه‌كان، په‌سندكردنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێكی كوردستان، خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه و ناوچه كوردستانییه‌كانه له‌سه‌ر دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه.
باسی له‌وه‌شكرد، دانیشتنه‌كه به ئاماده‌بوونی، وه‌زیری پێشمه‌رگه، وه‌زیری ناوخۆ، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری دانووستان، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان، سه‌رپه‌رشتیاری كاتی ده‌سته‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
هه‌روه‌ها گوتی: پلانیشمان ئه‌وه‌یه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م خاڵانه كۆتاییان دێت، دوای پشوویه‌كی كورت ده‌ست به دانیشتن ده‌كرێته‌وه، له‌وانه میوانداری وه‌زیرانی ته‌ندرووستی و ناوخۆ له باره‌ی كاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.
هه‌روه‌ها رۆژی سێشه‌ممه، ته‌رخانكراوه بۆ میوانداری وه‌زیری دارایی و وه‌زیری پلاندانان و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری دانووستاندن و سه‌رۆكی دیوان و سكرتێری دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی و تاوتوێكردنی راپۆرتی لیژنه‌ی دارایی.