یەکێتیی ئەورووپا سزا بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانیدا دەسەپێنێت
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی 20 هاووڵاتیی بە ڕەگەز ئەورووپی دەستگیر کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار وایە وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا سزا بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانیدا بسەپێنن.
هەینی 11ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەسەر زاری دوو دیپلۆماتکاری ئەورووپی بڵاوی کردەوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا ڕۆژی دووشەممە سزا بەسەر نۆ بەرپرسی ئێرانی دەسەپێنێن کە ڕۆڵیان هەیە لە دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەورووپی لە ئێران.
هەروەها ئاماژەشیان داوە، لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران لانی کەم 20 کەس لە هەڵگرانی ڕەگەزنامەی ئەورووپیان بە بیانووی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی و سیخوڕیکردن لە ئێران دەستگیر کردووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مڕۆڤ ڕایانگەیاندووە، ئێران ئەو کەسانەی دەستگیر کردووە بۆ ئەوەی لە دانووستانەکان وەکوو فشار و بارمتە بەکاریان بهێنێت.
لە بەرانبەردا ئێران ئەو لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: ئەوانە دەستگیر کراون هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەورووپا نین.
دوو لەو کەسانەی کە دەستگیر کراون هەڵگری ڕەگەزنامەی فەرەنسان، لەو بارەیەو یان نۆیڵ باڕۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، فشارمان لە ئێران کردووە ئەو دوو کەسە ئازاد بکات.
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا دووپاتیشی کردووە، ڕۆژی دووشەممە یەکێتیی ئەورووپا سزای زیاتر بەسەر ئەو بەرپرسە ئێرانییانە دەسەپێنێت کە ڕۆڵیان لە دەستگیکردنی ئەو هاووڵاتییانە وەکوو بارمتە هەبووە.
هەروەها بڕیاریشە فەرەنسا، لەسەر ئەو بابەتە وەکوو پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر ئێران تۆمار بکات.