پوتین و ویتکۆف پرۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیایان تاوتوێ کرد
سەرۆکی ڕووسیا و نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی پرۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
هەینی 11ـی نیسانی 2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە سەنت پیتەرسبورگ پێشوازیی لە سیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، کۆبوونەوەکەی سەرۆکی ڕووسیا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ تایبەتە بە پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا و گەیاندنی پەیامی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕووسیا بۆ ئەوەی پەلە لە ڕاگرتنی شەڕی سێ ساڵە بکەن.
هەروەها باسیان لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆکی ڕووسیا و ئەمەریکاش کردووە.
لای خۆشیەوە، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا 'کرێملن' ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەکەی پوتین و ویتیکۆف، ئەگەری هەیە سەرۆکی ڕووسیا و ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن.
هەروەها میدیا ڕووسیاکان بڵاویان کردووەتەوە کۆبوونەوەکە سەرۆکی ڕووسیا و نێردەی ترەمپ چوار کاتژمێری خەیاند.
هاوکات تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێک ڕاگەیندراویان لە بارەی کوبوونەوەکە باس نەکردووە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ویتکۆف پێی وایە خێڕاترین ڕێگا بۆ گەشتن بە ئاگربەستی ئۆکرانیا پێدانی چوار هەرێمی ڕۆژئاوای ئۆکرانیایە بە ڕووسیا، بەڵام ئۆکرانیا ڕەتی کردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەینی بەر لە کۆبوونەوەکەی پوتین و ویتکۆف، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی: دەبێت ڕووسیا پەلە بکات، خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە لە شەڕێکی بێ بناما دەکوژرێن.
هەروەها پێشتر، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئامادەنە بە پێشنیازی ئاگربەستی ئۆکرانیا ڕازیبن، بەڵام مەرجیان هەیە، ئەویش دەبێت ئەو کێشانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەو شەڕە چارە بکرێن، هاوکات ناکۆکییەکانی ئەورووپا و ڕووسیا لەبارەی ناردنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر سنوور و پرسی به ئەندامبوونی ئۆکرانیا له ناتۆ دەبێت لە ڕیشەوە چارە بکرێت.