وەزیری وزەی ئەمەریکا: ئەگەر بمانەوێت هەناردەی نەوتی ئێران ڕادەگرین

وەزیری وزەی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەی سبەی نێوان شاندی وڵاته‌كه‌ی و ئێران هەڕەشە لە تاران دەکات و دەڵێت، ئەگەر بمانەوێت هەنارده‌ی نەوتی ئەو وڵاتە ڕاده‌گرین. 

هەینی 11ـی نیسانی 2025، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ ئەبوزەبی بە ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز"ـی  ڕایگەیاند، ئەمەریکا لە چوارچێوەی زیادکردنی فشارەکانی بۆ سەر ئێران و بەتایبەت دەستهەڵگرتن لە بەرنامەی ئەتۆمییه‌كه‌ی، دەتوانێت هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە ڕابگرێت.

کریس ڕایت هەروەها پێی وابوو وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەمەریکا لە  کەنداو نیگەرانن لە بەرنامە ئەتۆمییه‌كه‌ی ئێران و بۆچوونیان وایه‌ دەرئەنجامێکی باشی نابێت و لەبەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نابێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوشی کردووەتەوە، لە سەردەمی کابینەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕێژەی هەناردەی نه‌وتی ئێران بەرز بووه‌وه‌ و زۆرترین هەناردەش بۆ چین بووە.

لە بارەی ئەوەی چۆن ڕایدەگرن، وەزیری وزەی ئەمەریکا گوتی: "ئێمە دەزانین کەشتییەکانی ئێران بۆ کوێ دەچن، دوایان دەکەوین و ڕایان دەگرین."

پێشتر ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: وەک نیازپاکی، دەرفەتێکی ڕاستەقینەی دیپلۆماتی لە گفتوگۆکانی عوممان بە ئەمەریکا دەدەین و لەسەریانە ڕێز لەو بڕیارە بگرن سەرباری لێدوانە دوژمنکارییەکانیان.