ماوەی 7 ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەی هاوسەرەكەی دەكات
بۆ بژێوی ژیان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد بەڵام لە رێگەدا گیران
K24- ئیستانبوڵ:
ژنێكی كوردی ئێزدی كە خەڵكی عەفرینە، ماوەی 7 ساڵە ھاوسەرەكەی لەلایەن داعشەوە لە ئەعزاز گیراوە، لەو كاتەوە ھیچ ھەواڵێكی نییە ئاخۆ ماوە یان مردووە، ئێستا ئەو ژنە لەگەڵ منداڵەكانی، لەبەر ئەوەی ماڵەكەیان لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە داگیركراوە، ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە لە ئیستانبوڵ چاوەڕێیە ھەواڵێك لە ھاوسەرەكەیەوە بزانێت، بە ئاواتی ئەوەی رۆژێك بگەڕێتەوە.
دیجلە ئلیاس، ئەو ئافرەتەیە كە لە ساڵی 2013 بەمەبەستی پەیداكردنی بژێوی ژیان لەگەڵ دوو كوڕ و هاوسەرەكەی روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام لە رێگەدا دەكەونە دەست چەكدارانی داعش و ئەشكەنجە دەدرێن.
ئەو دەڵێت: "ئێمە لەت عەفرینەوە بە پاس بەرەو هەرێمی كوردستان بەڕێكەوتین، دوای رۆیشتنمان بۆ ماوەی یەك كاتژمێر، لە سنووری پارێزگای ئەعزاز كەوتینە بۆسەیەكی چەكدارانی داعش و ئافرەت و پیاویان لە یەكتر جیاكردەوە، سەرو روخساری ئێمە و منداڵەكانمانیان پێچایەوە، لەبەر ئەوەی نەمدەزانی نوێژ بكەم، لەبەر چاوی منداڵەكانم من و خەسووی منیان ئەشكەنجە دا، منداڵەكانم دەستیان بە گریان كرد، ئەوان جلی رەشیان لەبەر بوو، لەسەر نێوچاوانیان ناوی خودا نووسرا بوو و چەقۆیان لەسەر كەمەریان بەستبوو، بەڵام هیچیان پێڵاویان لەپێ نەبوو و هەموویان پێپەتی بوون".
دوای دەستگیركردنی جەمال عەبدۆی هاوسەری لە ساڵی 2013ـەوە تا ئێستا دیجلە هیچ سۆراخێكی نازانێت، ئاخۆ ماوە یان مردووە.
دیجلە دەڵێت: "دوای چەند رۆژێك لە دەستگیركردنمان، دووبارە ئێمەیان بە پاس رەوانەی عەفرین كردەوە، بەڵام هاوسەرەكەم لە دەستی ئەوان مایەوە، گوتیان دوای 10 رۆژی دیكە هاوسەرەكەت دەنێرینەوە، بەڵام ماوەی 7 ساڵ تێپەڕی و هێشتا یەكترمان نەبینیوەتەوە، دەمەوێت هاوسەرەكەم بەزیندوویی بگەڕێتەوە، ئەو كاتەی رووبەڕووی ئەو كارەساتە بووینەوە، كوڕە بچووكەكەم تەمەنی یەك ساڵ بوو و ئەوی دیكەشیان تەمەنی 2 ساڵان بوو، كوڕە بچووكەكەم هیچ شتێكی ئەوكاتی بەبیر نییە، بەڵام كوڕە گەورەكەم رووداوەكەی لەبیر ماوە و ئێستاش دەگریێت".
ئیسلام ئەلیاسیش كە باوكی دیجلەیە باس لە رووداوەكە دەكات و دەڵێت: "ئەوانەی لەلایەن داعشەوە دەستگیردەكران زەردەشتی بوون، بۆیە هەر كەسێك بكەوتبایە دەستیان بە زۆر موسڵمانیان دەكرد، ئەوانەی بە قسەی ئەوانیان نەكردبا زۆر ئەشكەنجەیان دەدان، لەبەرئەوەی تاتۆ لەسەر جەستەی كوڕەكەمان هەبوو و ناوی دایكی بە تاتۆ لەسەر سینگی خۆی نووسیبوو، بۆیە زۆر ئەشكەنجەیاندا، ئەوانەی لەبەر دەستی ئەوان دەكوژران، هەواڵەكە زوو دەگەیشت، بەڵام ماوەی 7 ساڵە زاواكەمان لە دەستی ئەوانە و هیچ سۆراخێكی نازانین".
ئەو خێزانە عەفرینییە كە ئێستا لە ئیستانبوڵ ژیان بەسەر دەبەن، دەڵێن: لەبەرئەوەی گرووپە چەكدارەكان لە عەفرین دەستیان بەسەر ماڵ و موڵكی ئەواندا گرتووە، بۆیە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان لە وڵاتەكەیان.
H.B