ئێران: دانوستانی قۆناغی یەکەم لەگەڵ ئەمەریکا درێژە ناكێشێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وایە دانوستانی قۆناغی یەکەمی شاندی ئەمەریکا و وڵاتەکەی درێژە ناكێشێت، چونکە سەرەتا تەنیا بابەتەکان دەخەنە ڕوو.

شەممە 12ـی نیسانی 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاند، دانوستانیان لەگەڵ شاندی ئەمەریکا دەستی پێ کردووە و لە قۆناغی یەکەمی دانوستانەکەدان.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەشی دا، تاران پێی وانییە قۆناغی یەکەمی کۆبوونەوەکە درێژه‌ ناكێشێت.

هاوکات ڕۆژنامەی ئەکسیۆس بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر دانوستانه‌كان ئەرێنی بوون، کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سبەی بەڕێوە دەچێت.

ئەو ڕۆژنامە ئاماژەشی داوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران ئامادەیە سازش لەگەڵ ئەو وڵاتە بکات.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ناوەرۆکی کۆبوونەوەی شاندی ئەمەریکا و ئێرانی بڵاو کردەووتەوە، تاران و واشنتن لە کۆبوونەوەکەیاندا باس لە هێورکردنەوەی کێشەکانی تەیبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئاڵوگۆری زیندانیان و سووککردنی سزاکانی سەر ئێران دەکەن.

هەر ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی و ژمارەیەک پسپۆڕان و شارەزایانی تایبەتیی بواری پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتنە مەسقەتی پایته‌ختی عوممان و بە نێوەندگیریی عوممان کۆبوونەوە و تاوەکوو ئێستاش کۆبوونەوەکە بەردەوامە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و ئەمەریکا ، گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرا دەبێت.