لاڤرۆڤ: ترەمپ تاکە سەرکردەی ڕۆژئاوایە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆڕبەندی دیبلۆماتی تەنتاڵیا ستایشی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت، تاکە سەرکردەیە لە ڕۆژئاوا کە کێشەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیای دەستنیشان کردووە و چارەسەرەکەشی خستووەتە ڕوو.
شەممە 12ـی نیسانی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆڕبەندی دیبلۆماتی تەنتاڵیا ڕایگەیاند، تاکە ڕێگا بۆ چارەکردنی کێشەکان و بونیاتنانی ئاشتییەکی درێژمەودا، چارەکردنی ئەو کێشانەیە لە ڕیشەوە کە بوونەتە هۆی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە.
هەروەها ئاماژەشی دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تاکە سەرکردەیە لە ڕۆژئاوا کە چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ هەڵەیەکی گەورەیە. گوتیشی: ئێمەش باس لە چارەکردنی ڕیشەی ئەو کێشەیە دەکەین.
سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی پابەندبوون بەو خاڵەی کە نابێت هێڕش بکەنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی یەکتر، گوتی: ئێمە بەڵێنی خۆمان دەپارێزین هێرش ناکەینە سەر ئەو پێگانە، بەڵام ئەوە ئۆکرانیایە کە ڕۆژانە هێڕش دەکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانمان.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کاتێکدایە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سان پیتەرسبورگ، لە بارەی پرسی ئاشتی و کۆتاییهێنان شەڕی سێ ساڵەی ئۆکرانیا کۆ بوونەوە.
هەروەها دوێنێ هەینی، 11ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیاڵ تروس نووسیبووی: دەبێت ڕووسیا پەلە بکات، خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە لە شەڕێکی بێ بنەما دەکوژرێن.