باجە گومرگییەکانی ترەمپ, ئامێرە زیرەکەکان ناگرێتەوە
دەزگای گومرگ و پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا لیستی ئەو کەلوپەلانەی بڵاو کردووەتەوە کە ڕێژەی 125%ـی باجی گومرگی نایانگرێتەوە ههر یهك له مۆبایل، کۆمپیوتەر و ئامێره ئەلیکترۆنییەکانی دیکە دهگرێتهوه.
شەممە، 12ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ئامێرە زیرەکەکانی وەکوو مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئامێره ئەلیکترۆنییەکانی دیکە خۆش بووە و بە ڕێژەی 125%ـی باجی گومرگی نەخاتە سەر ئەو کەلوپەلانە کە لە چینەوە هەناردەی وڵاتەکەی دەکرێن.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، دەزگای گومرگ و پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا 20 جۆری بەرهەمی لە باجە گومرگییە زیادەکان بەخشیوە، کە هەموو کۆمپیوتەر، لاپتۆپ و دیسکی درایڤەر و ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە کە بۆ پرۆسیسکردنی داتا بەکار دەهێنرێن، هاوکات ژمارەیەک چیپی جۆراوجۆر و شاشەی و ئامێری پەیوەندیدارەکان لەخۆ دەگرێت.
هاوکات تاوەکوو ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هیچ ڕوونکردنەوەی لەم بارهوە نەداوە، بەڵام هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەپل و دێڵ و ژمارەیک کۆمپانیای دیکە خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو بڕیارە دەربڕیوە.
هەروەها ڕۆیتەرز ئاماژەشی داوە، ئەمە هەنگاوێکی دیکەی پاشگەزبوونەوەی دۆناڵد ترەمپە لە بڕیاری سەپاندی باجە گومرگییەکان بۆ سەر وڵاتان.
چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی تروس، بڵاوی کردبووەوه، هەر وڵاتێک کاردانەوەیان نەبێت لە بەرانبەر باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا، ئەوا باجی گومرگییان تا 90 ڕۆژ لەسەر هەڵدەگرین.