سەرۆک بارزانی بۆ دایکە عائیشە: وانەی خۆڕاگری و کوردایەتیت لێوە فێر بووم

پرسەنامەیەک لە سەرۆک بارزانییەوە

K24- هەولێر:

سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی دایکە عائیشە کە دایکی سێ شەهیدە پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە.

سەرۆک بارزانی دایکە عائیشە بە نموونەی خۆڕاگری و ئازایەتیی ناودەبات و دەڵێت، دەبێت بۆ هەموو کوردێک مایەی شانازی بێت.

سەرۆک بارزانی دڵگڕانی خۆی نیشان داوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی دایکی شەهیدان دەکات.

دەقی پرسە نامەکەی سەرۆک بارزانی:

بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی دایکی سێ شەهیدی کوردستان، خاتوو دایکە عایشەم پێ گەییشت.
دایکە عایشەی بەهەشتی، نموونەی خۆڕاگری و ئازایەتی بوو و بۆ هەموو تاکێکی کوردستان مایەی شانازییە. خۆم شانازیی ئەوەم هەبووە بە خزمەتی بگەم و وانەی خۆڕاگری و کوردایەتی لێوە فێر ببم.
لەم کۆستە گەورەیەدا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ئاشنایانی دایکە عایشە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواكارم ڕوحی پاکی دایکی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە گشت لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
٢٧ـی ٧ـی ٢٠٢٠