"بارسێلۆنا ئەستێرەیەكی بۆ كلاسیكۆ لەدەست دا"

لە بەشی دواوەی رانی چەپی تووشی پێکان بووە

ئەلیخاندرۆ باڵدی بەرگریكاری یانەی بارسێلۆنا
ئەلیخاندرۆ باڵدی بەرگریكاری یانەی بارسێلۆنا

ئالێخاندرۆ باڵدێ بەرگریکاری باڵی چەپی یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی پێکان ماوەیەک لە یاریگاکان دادەبڕێت، بە گوێرەی سەرچاوەیەكی نزیك لە بارسێلۆنا ئەم یاریزانە لە بەشداریكردن لە كلاسیكۆ بێبەش دەبێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 13 نیسانی 2025، ماڵپەری فەرمی یانەی بارسێلۆنا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئالێخاندرۆ باڵدی بەرگریگاری باڵی چەپی یانەکەیان، لە یاری رابردوو بەرامبەر لیگانیس لە گەڕی 31ـی لالیگا تووشی پێکان بووە و لە پشكنینەكان دەرکەوتووە ئەو یاریزانە لە بەشی دواوەی رانی چەپی تووشی پێکان بووە. 
سەرچاوە فەرمیەکە هیچ ئاماژەیەکی بە وادەی دوورکەوتنەوەی باڵدی نەکردووە و تەنها بڵاویکردووەتەوە، گەڕانەوەی پەیوەستە بە چاکبوونەوەی.
لەلایەکی دیکەوە پێگەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیای نزیك لە بارسێلۆنا، رایگەیاندووە ئەمجۆرە پێکانە نزیکەی دوو بۆ سێ هەفتەی پێویستە بۆ چاکبوونەوە، بۆیە ئەستەمە باڵدێ بۆ یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ریاڵ مەدرید، کە بڕیارە بیست و شەشی ئەم مانگە بکرێت ئامادەبێت.
باڵدی تەمەن 21 ساڵ، بە ڕەسەن خەڵكی دۆمینیكانە، بەڵام لە شاری بارسێلۆنا لە دایكبووە و هەر لەو یانەیە پێگەیشتووە، لە هاوینی 2022 بۆ تیپی یەكەمی یانەی بارسێلۆنا سەرخرا، ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی بە 60 ملیۆن یۆرۆ جێگیر كراوە. لەگەڵ بارسێلۆنا لە كۆی 122 یاری، 3 گۆڵ و 18 ئاسیستی كردووە.