هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر شوێنی هاووڵاتییانی ئۆكرانی کاردانەوەی لێ كه‌وته‌وه‌

هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر شاری سوومی ئۆکرانیا، سەرکردەکانی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە و داوا دەکەن، ڕووسیا سزا بدرێت و بەبێ مەرج و دەستبەجێ بە ئاگربەستی ئۆکرانیاش ڕازی بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، هێزەکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، ڕووسیا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر سەنتەری شاری سوومی لە باکووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، کە بەهۆیەوە لانی کەم 32 کەس کوژراون و 99 کەسی دیکەش برینداربوونە، کە لە نێوانیاندا منداڵ هەیە، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هەواڵەکەش هەریەک لە ئیمانوێل ماکرۆن، کێر ستارمەر و نوێنەری ئەمەریکا لە بەرامبەر هێرشەکە هاتنەدەنگ.

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ڕووسیا بەو هێرشانە تاکلایەن بڕیاری داوە بەردەوامی بەو شەڕە بدات. 

ماکرۆن ئاماژەشی داوە، ڕووسیا دووپاتی کردەوە کە هیچ گرنگیی بە ژیانی هاووڵاتییان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و هاوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕگرتنی ئەو شەڕە نادات.

هەروەها سەرۆکی فەرەنسا جەختیشی کرده‌وە بۆ فشارخستنە سەر ڕووسیا بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەستەکە دەبێت هەنگاوی جیددی بنرێن.

 کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

 کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: بەو هێڕشانەی ڕووسیا بۆ سەر هاووڵاتییان لە  شاری سوومی لە ئۆکرانیا شۆک بووم.

هەروەها ئاماژەشی دا، دەبێت ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بەبێ مەرج و دەستبەجێ بە ئاگربەستەکەی ئۆکرانیا ڕازی بێت.

جەنەڕاڵ کیس کیلۆگ، نوێنەری ئەمەریکا لە ئۆکرانیا

 جەنەڕاڵ کیس کیلۆگ، نوێنەری ئەمەریکا لە ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هیڕشەکەی ڕووسیا بۆ سەر شوێنە سڤیلنشینەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە تەواوی هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە.

کیس کیلۆگ گوتیشی: لەو جۆرە هێڕشانە تێدەگەم، ئەم هێرشانەش بە تەواوی هەڵەیەکی گەورەیە و هاووڵاتییان قوربانییەکی گەورە ده‌ده‌ن.

سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونه‌ته‌ ڕێککەوتن کە کەشتییەکانیان لە دەریای ڕەش ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە و ڕێگریی لە جووڵه‌ی ده‌ریایی یەکدی نەکەن.