ئەمەریکا: لەگەڵ سعوودییە لەبارەی بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمی نزیکین لە ڕێککەوتن
وەزیری وزەی ئەمەریکا لە ڕیاز ڕایگەیاند، لەبارەی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی لەگەڵ سعوودییە نزیکین ڕێککەوتنامەیەک ئیمزا بکەین. دەشڵێت: ڕێککەوتنامەکە ڕەچاوی ئامانجەکانی ئەمەریکا و ڕیاز دەکات.
یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا لە ڕیازی پایتەختی سعوودییە لەگەڵ شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودییە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە وەزیری وزەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: واشنتن و ڕیاز نزیکن لەوەی ڕێککەوتنێک لەبارەی بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی ئیمزا بکەن.
هەروەها ئاماژەشی دا، لە کۆتایی ئەمساڵدا وەردەکاری زیاتر لەبارەی ڕێککەوتنامە هاوبەشەکە بڵاو دەکرێتەوە. دەشڵێت: زۆر ڕێگای دیکە هەیە کە ڕێککەوتنامەکەی لەسەر بونیاتبنرێت بۆ ئەوەی ڕەچاوی ئامانجەکانی ئەمەریکا و ڕیاز بکات.
وەزیری وزەی ئەمەریکا پەیامێکیش ئاراستەی وڵاتانی کەنداوە دەکات و دەڵێت: هەر وڵاتێکی هاوپەیمانیی ئەمەریکا لە کەنداو، بیەوێت ڕێککەوتنامەی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی بکات، ئەوا بە گوێرەی یاسای 123 ڕێککەوتنامەیان لەگەڵ دەکەین.
یاسای 123 باس لە ژمارەیک مەرجی تایبەت بە بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی دەکات کە دەبێت وڵاتان لەسەرییەوە پابەند بن مەرجەکانیش پێکهاتووە لەوەی کە دەبێت بەرنامەی ئەتۆمی مەدەنی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکار بێت و هەروەها دەبێت پەیڕەوی پارێزبەندییە نێودەوڵەتییەکان بکات و هاوکات یارمەتیدەر بێت لە بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.